زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، پیرۆزبایی ساڵی نەورۆز و ساڵ نوێی کوردییان کرد
ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، پەیامێکیان بەبۆنەی نەورۆزەوە بڵاو کردەوە.
دەقی ئەم پەیامە بەم چەشنەیە:
هاتنی ساڵی نوێی کوردی و نەورۆز بە خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی شەهیدان، ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی، پشتیوانانی بزووتنەوەی میللی- دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان و تەواوی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بەتایبەت لاوانی نەترس و تێگەیشتووی کورد کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا وەکوو ساڵانی پێشوو، بە تەواوی گوشار و سەرکوتکردنەکانەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەترسانە خەباتی خۆیان بۆ ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی و خاکەکەیان درێژە پێداوە و پێداگرییان لەسەر ئارمانەکانیان کردووەتەوە، پیرۆزبایی دەڵێن.
لە کاتێکدا بەرەوپیریی نەورۆز و ساڵی نوێیەوە دەچین کە کوردستان لەژێر گوشار و سیاسەتی ئێعدام و سەرکوتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ساڵێک پڕ لە حیماسەمان ئەزموون کرد. گرینگترین ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو، ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە شارەکانی کوردستان و ئێران، بەشداری نەکردنی خەڵک لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان و بایکۆتی ١١یەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیس بوو، ئەوەی لە کوردستان و ئێران ڕوویدا، نیشانەی سەرهەڵدانی ئینقلابێکی خەڵکی و بە تەواو واتا بوو و دۆڕانی کۆماری ئیسلامیی لەو ڕووداوانەدا بە تەواوەتی دەرخست.
ساڵێک کە تێپەڕی، سیاسەتی سەرکوتی سیستماتیک وەک سیاسەتی هەمیشەیی و بەشێکی جیانەکراوە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژەی هەبووە. ئێعدامکردنی ئازادیخوازەکان، زیندانیکردن و دەسبەسەرکردنی جیابیرەکان و چالاکانی مەدەنی و خەباتکارانی سیاسی، بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتییانی ناڕازی لە مانگی خەزەڵوەر، خستنەخوارەوەی فڕۆکەی موسافیرهەڵگری ئوکراینی، تەقەی ڕاستەوخۆ لە کاسبکاران و کۆڵبەران، بەشێک لە سیاسەتە ئاماژە بۆ کراوەکانی ئەو حکوومەتە بووە.
بێگومان هاوپەیوەندیی نەتەوەکەمان لە ڕەوتی خەبات بۆ مافە ڕەواکەمان، ڕەمزی سەرکەوتینی ئێمە دەبێت و لەو ڕوانگەیەوە لە تەواو خەڵکی خەباتکار و نیشتمانپەروەری کوردستان و ئێران داواکارین کە بە هەمان ورەی هاوپەیوەندیی یەکیەتی، خەباتی نەتەوەیی- دێموکراتیکی خۆیان درێژە بدەن و ڕیزی خۆیان پتەوتر بکەن و لە نەورۆزی ئەمساڵ حیماسەیەک بخولقێنن.
لە کۆتاییدا، هاتنی ساڵی نوێی کوردی بە هەموو هاووڵاتییان و ئازادیخوازان پیرۆزبایی دەڵێین و هیوادارین کە لە ساڵی داهاتوودا، ساڵی هاوپەیوەندیی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ نەتەوەکەمان بێت.
پیرۆز بێت ئیرادەی بەردەوامی نەتەوەیی و هاوپەیوەندییمان
لەگەڵ ڕێزی زۆرمان
ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ
نەورۆزی ٩٩