زیندانییانی سیاسیی رەجایی‌شاری کەرەج: محەممەد نەزەری دەبێت ئازاد بکرێت

16:11 - 12 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: چوار زیندانیی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج نامەیەکیان لە بارەی بارودۆخی خراپی \"محەممەد نەزەری\" بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و \"عاسمە جەهانگیر\" نووسی.

چوار زیندانیی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج لە نامەیەکدا، سەبارەت بە بارودۆخی خراپی محەممەد نەزەری، یەکێک لە دێرینەترین زیندانییانی سیاسی کوردستان هۆشداریان دایە سکرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و \"عاسمە جەهانگیر\" رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارۆباری مافی مرۆڤ لە ئێران.

لەم نامەیەدا ئەم زیندانییانە داوای ئازاد کردنی محەممەد نەزەریان کردووە.

نامەی ئەم چوار زیندانییە کوردە، کە بە دەستی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، بەم چەشنەی خوارەوەیە:

بەڕێز ئانتۆنیۆ گوتێرز، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان

خاتوو عاسمە جەهانگیر، رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارۆباری مافی مرۆڤ لە ئێران


زیاتر لە ٦٠ ڕۆژ بە سەر مانگرتن لە خواردنی محەممەد نەزەری کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە بە تاوانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بەبێ بوونی یەک ڕۆژ مورەخەسی لە زیندان بە سەر دەبات، کە تەنیا هۆکاری دەست دان بە مانگرتنی لە خواردن داوای جێبەجێ کردنی مادەی ١٠ ئایینی دادڕەسییە، کە بەپێی ئەو نامەیە ناوبراو پێویستە ئازاد بکرێت و ماددەی ١٨٦ی قانوونی موجازاتی پێشووی ئەو کە بە تاوانی شەڕ لەگەڵ خودا بە ئێعدام مەحکوم کرا و پاشان گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی هەڵبوەشێندرێتەوە. بەپێی ماددەی ١٠،١٢٠،٩٩ ، ٧٢٨ی قانوونی موجازاتی تازە پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ کە تێیاندا یاسای تازە دانراوە و یاسا کۆنەکان لابراون یان چاکسازی کراون، دەبێت ئازاد بکرێت.

بەپێی ئەم یاسا تازانە کە تەواوی ئەو زیندانیانەی بەپێی ماددەی ١٨٧ی کۆن حوکم دراون دەبێت ئازاد بکرێن، بەڵام بە هۆی کارشکێنییەکانی دادستان و بەرپرسانی قەزایی ـ ئەمنیەتیی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ئەم ماددە یاساییانە دەکەن، ناوبراو \"محەممەد نەزری\" لە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژی ١٣٩٦ دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە و لە ئێستادا توانای قسە کردنی لە دەست داوە و لە بەرەبەری مەرگ دایە.

بەڕێزان، ئێمە هاوبەندییەکانی محەممەد نەزری کە لە ماوی ئەم ٦٠ ڕۆژە شاهیدی برسییەتی و چرکەچرکە لەناوچوونی ئەو بووین، شاهیدی دەدەین لەم چەند ڕۆژانەی دواییدا بارودۆخی ناوبراو زۆر خراپ بووە، بە شێوەیەک لە کاتی خواردنی ئاوقەندیشدا هەڵی دەهێنێتەوە، تەنانەت توانای ڕێگا ڕۆیشتن یا قسەکردنی نەماوە. کاتێک بردرایە نەخۆشخانە کارمەندانی نەخۆشخانە پێیان ڕاگەیاندبوو کە دەرمان کردنی مانگرتووان قەدەغە کراوە.

بۆیە بە لەبەر چاوگرتنی ئەم کارەساتە مرۆییە، ئاگاداریی لە بارەی بارودۆخی خراپی ناوبراو دەدەینە تەواوی ویژدانە ئاگاکان و داوا لە پارێزەرانی سەربەخۆ دەکەین کە بۆ جێبەجێ کردنی داوای محەممەد نەزری و ئازاد کردنی ئەو کە تەواو یاساییە هەوڵ بدەن و لە کۆتاییدا سپاسی هەموو هەوڵەکانی ئێوە دەکەین.

٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦ / ٢٥ی سێپتامبری ٢٠١٧

واژۆ:
ئیبراهیم فیروزى
سەعید شێرزاد
سەعید ماسوورى
جەعفەر ئێقدامى