زیندانییانی رەجایی شاری کەرەج بەدەست سەرماوە دەناڵێنن

16:00 - 25 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای دابەزینی پلەی گەرمی هەوا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دانانی سیستمی گەرما بۆ زیندانییەکان خۆیان دەبوێرن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج کە ٢٢ هەزار کەسی تێدا راگیراوە، لە دانانی هەر جۆرە سیستمێکی گەرمایی بۆ زیندانییان خۆیان دەبوێرن و تەنانەت رێگری لە هێنانی \"لیباسی گەرم و پەتوو\"ش بۆ زیندانییان دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: بەرپرسانی زیندانی رەجایی شار بە زیندانییەکانیان گوتوە، کە دەبێ کەرەستەی گەرم کەرەوە و لیباس و تەنانەت خواردەمەنیش لە فرۆشگای ناو زیندان بکڕن.

ئەو بڕیارە بۆتە گرفتی هەرە سەرەکیی زیندانیان، ئەوە لە کاتێک دایە کە نرخی زۆربەی شتومەکەکانی ناو زیندان چەندین بەرابەری دەرەوەی زیندانە.

ناردنی شەپۆلی پارازیت بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە، بەمەبەستی پچڕاندنی پەیوەندی تەلەفۆنی زیندانییان بۆ دەرەوەی زیندان و هەروەها بەکار هێنانی لە رادەبەدەری حەبی هێور کەرەوە، چەند گرفتێکی دیکەن کە رۆژانە زیندانیانی ئەو گرتووخانەیە بەرەوڕووی دەبنەوە.