زیندانیانی سیاسی پشتیوانیی خۆیان لەویستی مامۆستایان دەربڕی

16:05 - 25 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لەزیندانیانی سیاسیی گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانییان لەویست و هەروەها ناڕازیەتییەکانی مامۆستایانی ئێران کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٢ کەس لەزیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج خوازیاری پشتیوانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە مامۆستایان بوون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، \"لەم دۆخەدا بزووتنەوەکان وەکوو رەوتێکی کۆمەڵایەتی و ئێعترازی بە تەنیا رێگەیەکی رزگار بوون لە دست زۆرداری و سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی دێتە ئەژمار و نابێ ئیزن بدەین کە ئەو رێژیمە فریودەرە بە شتی لاوەکیی بیر و هزری ئێمە بە لاڕێدا ببات\".

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئێمە پشتیوانی لێبڕاوانە لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی نەتەوەیی دەکەین. پێویستە ئاگاداری ئەوە بین کە دەست و پێوەندییەکانی رێژیم لەژێر ناوی جۆراوجۆردا دزەیان کردۆتە ناو ئۆپۆزیسیۆنەوە و لە هەوڵ دایە کە بیر و رای گشتیی بەلارێدا ببات.

لەبەیاننامەکەدا رۆڵ و پێگەی مامۆستا بەرز نرخێندراوە و هەروەها نووسراوە کە، مامۆستا ئەو توێژە زەحمەتکێشەیە کە ئەرکی قورسی پەروەردەکردنی منداڵەکانی ئێمەیان لەسەر شانە و نابێ بە دەست هەژاری و نەهامەتییەوە بناڵێنن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، بڕیارە مامۆستایانی ئێران و کوردستان رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە خۆپیشاندانی گشتی لەشارەکان بەڕێوە ببەن.