زیادبوونی رێژەی بازرگانانی ئازەری لەخاڵی سنووری پەرویزخان

15:09 - 15 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو هاووڵاتیی ئازەری‌زمان روویان لە بازاڕچەی سنووریی پەرویزخان لە ئوستانی کرماشان، کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە یەک مانگی رابردوودا و سەرەڕای بێکاریی هاووڵاتییانی کورد بەتایبەت لە نێو لاوان‌دا، بازاڕچەی سنووریی پەرویزخان پڕ بووە لە بازرگان و پیلەوەری خەڵکی شارەکانی ئازەربایجانی ئیران و ئەمەش نیگەرانیی هاووڵاتییانی ناوچەکەی لێکەوتۆتەوە.

لەو پەیوەندییەدا؛ کرماشان پۆست باسی لە زۆربوونی \"کەسانی سەیرو سەمەرە\" لەو بازاڕچەیەدا کردووە و نوویسویەتی؛ هاتنی ئەم کەسانە بۆ بازاڕچەی پەرویزخان دیاردەیەکی ئاسایی نییە و ئاماژە کاریگەریی نەرێنی لایەنی ئابووری دەکات.

ئەو سەرچاوەیە لە خستنەڕووی وردەکاریی زیاتری ئەو مەسەلەیە خۆی بواردووە.

ئامادەبوونی هاووڵاتییانی ناخۆجێی لە ناوچە بازرگانییەکانی ئوستانی کرماشان لە حاڵێک دایە، کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نرخی بێکاری لە ئوستانی کرماشان لە ١٦% زیاترە و بە چوارەمین ئوستانی ئێران دادەندرێت، کە زۆرترین رێژەی بێکارانی لەخۆ گرتووە.

هەروەها بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتییانی کورد، لە سنوورەکان بەڕادەیەک کارەستابارە، کە تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا نزیک بە ١٥ هەزار بنەماڵەی دانیشتووی شاری مێهران، کارتی هاتووچۆکردنیان لە سنوورەکان پێدراوە.

\"نابەرپرسیارەتی\" و \"ئەستاندنی بەرتیل لە شۆفیری ماشێنە بارهەڵگرەکان\" بە یەکێکی دیکە لە کێشە و گرفتەکانی بازاڕچەی پەرویزخان دادەندرێت، کە ئەو دیاردەیە ناڕەزایەتی و تێکهەڵچوونی ئەو شۆفیرانەی لەگەڵ بەرپرسانی بازاڕچەکەی لێکەوتەوە.

ناوەڕاستی مانگی رەزبەری ئەمساڵ و لەکاتی سەردانی هاشمی رەفسەنجانی بۆ ئوستانی کرماشان، نوێنەری بازرگانانی خاڵی سنووریی پەرویزخان لەمەڕ بارودۆخی خراپ ئەو بازاڕچەیە ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیبوو.

بازاڕچەی سنووریی پەرویزخان لە سنووری نێوان ئوستانی کرماشان و هەرێمی کوردستان و لە ٥ کیلۆمیتریی شاری قەسری شیرین هەڵکەوتووە.

بازارچەی سنووریی پەرویزخان، لە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوییەوە بە شێوەی فەرمی دەستی بەکار کردووە و ئاڵوێری بازرگانی تێدا ئەنجام ئەدرێت.