زیاتر لە 200 كەس لە ناوچەی "حما" بە دەستی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی سووریە كوژران

15:18 - 23 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: دژبەرانی حكوومەتی سووریە رایانگەیاند، هێزەكانی سەر بەو حكوومەتە لە گوندی \"تریسمە\"‌ی سەر بە \"حماە\" زیاتر لە 200 هاووڵاتیی مەدەنیان كوشت.

هەواڵدەریی روێتێرز بڵاوی كردەوە، هێزە نیزامی ـ ئەمنیەتییەكان سەرەتا ئەو ئاواییەیان داوەتە بەر تۆپباران و دواتر هێرشیان كردە سەر دانیشتوانی گوندی \" تریسمە\".

بە وتەی شایەتحاڵان بەشێكی بەرچاو لەو هاووڵاتییانە لە ئەنجامی تۆپبارندا گیانیان لەدەست دا و بەشێكی دیكەش بە تەقەی هێزەكانی بەشار ئەسەد كوژراون.

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوە دەوڵەتییەكان رایانگەیاندووە، كە سێ‌ نیزامی بە تەقەی \"هیزە تیرۆریستەكان\" گیانیان لە دەست داوە.

شۆرای نیشتمانیی سووریە لە بەیاننامەیەكدا وێڕای مەحكووم كردنی ئەو كوشتارە رایانگەیاندووە، سەرجەم ئەو 200 كەسە بە تەقە و تۆپبارانی هێزەكانی سەر بە حكوومەتی سووریە كوژراون.

یەكیەتیی كۆمیتە ناوچەییەكان و رێكخەری خوپیشاندانەكان ژمارەی كوژراوانی ئاوایی \"تریسمە\"‌ی 220 كەس راگەیاندووە.