زیاتر لە ٦٠%ی کرێکارانی سنە بیمەی دڵنیاییان نییە

15:12 - 24 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: پێشێلکردنی مافی سەرەتایی کرێکاران لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، بووەتە هۆی نیگەرانی سەرەکیی چالاکانی کرێکاری و کرێکاران و ڕۆژانە هەواڵدەرییەکان ڕاپۆرتی جۆراوجۆر لە مەڕ پێشێلکردنی داوا سەرەتاییەکانی کرێکارانی کورد بڵاو دەکەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیلنا، زیاتر لە ٦٠%ی کرێکارانی بینا سازی پارێزگای سنە لە بوونی بیمەی دڵنیایی کار بێبەرین.

جێگری بەرێوەبەری کانوونی ئەنجومەنی کرێکارانی پارێزگای سنە لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیلنای\"کار\" گوتی: سەرەڕای ئەوەیکە پارێزگای سنە ٣٣ هەزار کرێکاری هەیە، تەنیا لەو ڕێژەیەدا ١١ هەزار کرێکار بیمەی دڵنیایی کاریان هەیە.

بە وتەی میکائیل سدیقی، تەنیا پشتیوانی کرێکارانی بیناسازی و بنەماڵەکانیان دابین کردنی بیمەی کۆمەڵایەتییە و نابێت ئەو مافە لەو تویژەی کۆمەڵگا بستێندریتەوە.

ناوبراو لە درێژەدا دڵێ، پێشێلکردنی ئەو مافە زوڵمێکی گەورەیە بەرامبەر بە کرێکاران، کە لە ٣٣ هەزار کرێکاری بیناسازی، تەنیا ١١ هەزار کرێکار بیمەی دڵنیایان هەبێت.

بەپێی بەڵێنییەکانی وەزارەتی کار و ڕێکخراوی دابین کردنی کۆمەڵایەتی، دەبێت ساڵی ٩٥ی هەتاوی ٢٠٠ هەزار کرێکاری بیناسازی بیمە بکرێن، بەڵام بەپێی داتاکانی ئەنجومەنی سێنفی کرێکارنی بیناسازی، ئەمساڵ تەنانەت یەک کرێکار بیمە نەکراون.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، ساڵی ٩٥ی هەتاوی دەبێت ١٠ هەزار کرێکاری بیناسازی لە پاریزگای سنە بیمە بکرێن، هەرچەند ساڵی ٩٥ی هەتاوی بەرەو کۆتایی دەڕوات، دەبێ لەو ماوەیەدا ڕێکخراوی دابین کردنی کۆمەڵایەتی چارنووسی کرێکارانی بیمە نەکراو ڕوون بکاتەوە.