زیاتر لە ٥٠ گوندی ناوچەی دیواندەرە تووشی قەیرانی بێ ئاوی بوون

15:33 - 5 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: گوندەکانی بەخشی کەرەفتووی سەربە شاری دیواندەرە، بەرەوڕووی قەیرانی بێ ئاوی بوونەتەوەو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتیش پێیان راگەیاندوون، \" بە تۆنگە و دەبە لە مەزرا ئاو بێنن\".

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەشێک لە گوندەکانی دیواندەرە تووشی قەیرانی بێ ئاوی هاتوون و سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانی هاووڵاتییان بۆ ئیدارەی ئاوی ئەو شارە، کێشەکەیان چارەسەر نەکراوە.

یەکێک لە هاووڵاتییانی دانیشتووی بەخشی کەرەفتوو بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ لە کاتێکدا خەڵک و شۆرای گوندەکان بۆ چارەسەریی کێشەی بێ ئاوی سەردانی ئیدارەی ئاویان کردووە، پێیان گوتراوە، \"بچن لە مووچە و مەزرا بە دەبە وتۆنگە ئاو بێنن\".

ئەو سەرچاوەی گوتیشی؛ کێشەی بێ ئاوی گەیشتۆتە ئاستێک کە خەڵک تووشی بیزاری هاتوون و زۆربەی خەڵک لە بیری بەجێهێشتنی گوندەکاندان.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، بێ ئاوی لە گوندی کەڵەکان و شارەدێی زەڕینە لەوپەڕی خۆیدایەو ئیدارەی ئاویش بە بیانووی نەبوونی بودجە هیچ هەوڵێکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەداوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دەشڵێت؛ ئەگەر خەڵکی ئەم ناوچەیە کورد و سوننی مەزهەبیش نەبوایەن، بە زووترین کات کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکرا\".

بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە، سەرەتا کە بێ ئاوی لەو گوندانە دەستی پێکرد، ئیدارەی ئاو رایگەیاند، بە زووترین کات کێشەکان چارەسەر دەکەین، بەڵام لەگەڵ ئەویەکە ئەو بەڵێنییە جێبەجێ نەکراوە، لەگەڵ پێشنیاری سەرسووڕهێنەری ئەو ئیدارەیەش بۆ چارەسەریی کێشەی ئاو، بەڕەوڕوو بووینەوە.