زیاتر لە ١٧٠ کەس لە پارێزگای سنە تووشی ڕووداوی کار بوون

15:00 - 1 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە ١٧٠ کەس بە هۆی ڕووداوی کار سەردانی پزیشکی یاساییان لە پارێزگای سنە کردووە.

هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیسنا\" لە زاری بەڕێوەبەری پزیشکی یاسایی پارێزگای سنە بڵاوی کردووە، کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٧١ کەس بە هۆی ڕووداوی کار سەردانی پزیشکی یاساییان کردووە.

بە وتەی غوڵامڕەزا هومایونپوور، لە کۆی گشتی ١٧١ کەسە کە تووشی ڕووداوی کار هاتوون، ١٧٠ کەسیان پپاو و ١ کەسیان ژنە.

هەروەها ئەو بەرپرسە قەزاییە بە ئاماژە کردن بە شەڕ و کێشە لە نیوان هاوووڵاتییان ڕاگەیاند: لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە هۆی شەڕ و کێشە لە نێوان هاووڵاتییان ٦ هەزار و ١٦٩ کەس سەردانی پزیشکی یاساییان کردووە و لەو ڕێژەیەش ٤ هەزار و ٥٥٩ کەسیان پیاو بوون و هەزار و ٦١٠ کەسیشیان ژن بوون.

بە وتەی بەڕێوەبەری پزیشکی یاسایی پارێزگای سنە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ڕێژەی سەردان کردنی هاووڵاتییان بۆ پزیشکی یاسایی بە نیسبەت ساڵی ڕابردوودا لەسەدا ٨/٣ زیادی کردووە.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بە ڕووداوی هاتووچۆش کرد و وتی: ڕووداوی هاتووچۆ بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو ٢٣.٧ لەسەدا زیادی کردووە.

کارناسانی کۆمەڵایەتی بە نیسبەت دابەزینی ئاستی خۆڕاگریی خەڵک لە هەمبەر ڕووداو و کێشە کۆمەڵایەتییەکان هۆشدارییان داوە.

ئەوان هۆکارە سیاسی، ئابووریی و فەرهەنگییەکان بە گرینگترین هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم چەشنە ڕووداوانە دەزانن.