زیاتر لە ٥٠ کرێکاری پرۆژەی ئاو و خاکی پیرانشار لە سەر کارەکەیان دەرکران

13:43 - 7 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: بەڵێندەری ئاو و خاکی شاری پیرانشار، ژمارەیەک لە کرێکارانی پرۆژە ئاوەدانکردنەوەی لە سەر کارەکەیان دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕێبەندان، ٥٥ کرێکاری ڕۆژکار لە لایەن بەڵێندەری پرۆژەی ئاو و خاکی ناوچەی \"بادیناوێـ\"ـی شاری پیرانشار لە سەر کارەکەیان دەرکران.

سەرچاوەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو کرێکارانە بە شێوەی گرێبەست لەو پرۆژەیەدا خەریکی کارکردن بوون، کە لە لایەن بەڵێندەرەکەیانەوە بەبێ هیچ هۆکارێک لە سەر کارەکەیان دەرکران.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کرێکارانە لە بەشی لوولەکەشیی بۆ ئاودێرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان کاریان دەکرد، کە بەڵێندەری خاوەن پرۆژەکە لە سەر کارەکەیان دەریانی کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: زۆربەی هەرە زۆری ئەو کرێکارانە کە بە شێوەی ڕۆژکار لەو پرۆژەیەدا خەریکی کارکردن بوون، خێزاندارن و بە دەرکردنیان لە سەر کارەکەیان چوونە ڕیزی ژمارەی بێکارانی ئەو شارەوە.