زیاتر لە ١٥٠ کرێکاری شارەداری مەریوان لە سەر کارەکەیان دەرکران

15:27 - 7 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: ١٥١ کرێکاری خەدەماتی شارەداری شاری مەریوان بەبێ ئاگاداری پێشوەخت لە سەر کارەکەیان دەرکران و چوونە ڕیزی بێکارەکانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارەداری شاری مەریوان لە بریارێکدا هەوڵی وەدەرنانی ١٥١کرێکاری خەدەماتی ئەو شارەیان دا.
سەرچاوەیەک لە شارەداری شاری مەریوان بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاندووە: ژمارەیەکی دیکە لە کرێکارانی ئەم شارەدارییە کە پێشینەی چەند ساڵ کاریان هەیە، بڕیارە لە سەر کارەکانیان دەربکرێن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: شارەداری بەبێ ئاگاداری پێشوو و لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفوونەوە هەوڵی وەدەرنانی کرێکارانی خەدەماتی ئەو شارەی داوە و هۆکاری لابردنیانی بۆ قەرزداربوون و نەبوونی پارەی کرێکاران گەڕاندووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، وەردەرنانی کرێکاران لە کاتێکدایە کە چەندین مانگە حەقدەستی کرێکاران نەدراوە.

ڕەزبەری ئەمساڵ، ئەسعەد شیخ عەتاری، بەرپرسی شۆرای شاری مەریوان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"تەسنیم\" لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی پارەی کرێکارانی شارەداری نەدراوە، ڕایگەیاندبوو: هۆکاری نەدانی پارەی چەند مانگی کرێکارانی شارەداری بۆ کەمی پارەی تەرخانکراو و ئەم کێشەیەش بۆ هەڵسوکەوتی شارەداری و شۆرای شاری پێشووی مەریوان گەڕاندەوە؛ ناوبراو ڕێژەی قەرزداربوونی شارەداری مەریوانی بۆ ٣٠ میلیارد تمەن یان زیاتر خەمڵاندبوو.