زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتیی پاریزگای ئیلام دەستبەسەر کران

16:15 - 1 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی پارێزگای ئیلام بە بیانووی سەرپێچی لە هەڵبژاردنەکان دەستبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی ١٣٠ کەس لە پارێزگای ئیلام لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، بە تۆمەتی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکان لەو پاریزگایە دەستبەسەر کراون.

هەواڵدەریی\"ئیسنا\"ی ئیلام لە زاری جێگری پێشگیری لە تاوان لە دادگوستەری شاری ئیلام هەواڵی دەستبەسەرکرانی ١٣٠ هاووڵاتیی لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا، پشتڕاست کردەوە.

\"یەدووڵا کەسایی\" ڕایگەیاند: ١٣٠ کەس لە سنووری ئەو پارێزگایە لە کاتی سەرپێچی لە هەڵبژاردنەکان دەستبەسەر و دادگوستەری بە شێوەی جیددی بە پێی یاسا هەڵسووکەت لەگەڵ تاوانباران دەکات.

پێشترێش، فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی شاری کرماشان ڕایگەیاندبوو، بە هۆی کڕین و فرۆشتنی دەنگەکان، لە هێندێک شوێنی سەر بەو پارێزگایە، ٨١ هاووڵاتییان دەستبەسەر کردووە.