زیاتر لە ١٠ سەر ئەسپی کاسبکاران لە ناوچەی شنۆ بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بە کوشت چوون

21:38 - 28 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ١٠ سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانی خەڵکی شاری شنۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران بە کوشت چوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوە، لاشەی زیاتر لە ١٠ سەر ئەسپی کاسبکاران لە نێو دارستانەکانی گوندی \"میرئاوا\"ی شاری شنۆ کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان لە بە کوشت چووبون، دۆزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان پاش کوشتنی ئەسپی بارهەڵگری ئەو کاسبکارانە، دەستیان بە سەر کەلوپەلی کاسبکاران داگرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ئەو هەوڵەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ دژکردەوەی توندی کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوڕوو بووەتەوە.

هەرلەو پەیوەندییەدا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە ناوچەی هەورامان دەستیان بە سەر ٧٠ سەر ئەسپی کاسبکاران داگرت.

هێزە نیزامییەکان سەرەڕای بێڕیزی زۆر بە خاوەن ئەسپەکان، بۆ دانەوەی هەر ئەسپێک داوای بڕی ٦ میلیۆن تمەنیان کردووە.