زیاتر لە ٣٥ دووکانی زێڕفرۆشی لە شاری کرماشان داخراون

14:15 - 14 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی مەندیی بازاڕ و هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی بەهای خستنەڕوو، ٣٥ هەتا ٤٠ دوکانی زێڕفرۆشی لە شاری کرماشان داخراون.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە سەرەتایی ئەمساڵدا، لە شاری کرماشان ٣٥ هەتا ٤٠ یەکەی زێڕفرۆشی بە هۆی مەندییەوە داخراون.

بەرپرسی یەکیەتیی زێڕ و جەواهیر فرۆشییەکانی شاری کرماشان، هۆکاری داخرانی ئەو ٤٠ یەکە زێڕفرۆشییەی بۆ هەڵاوسان لە بازاڕ و ئەنجامی دابەزینی کڕین و نەدانی باج لەسەر بەها گەڕاندەوە.

موجتەبا فیرووزی ڕای گەیاند: ئەو یەکە زێڕفرۆشانەش کە ئەمڕۆ لە بازاڕ کراوەن، چالاکییەکی ئەوتۆیان نییە، چوونکە بە بەرزبوونەوەی نرخەکان، خەڵک کەمتر تواناییی کڕینی زێڕیان هەیە.

بەشێک لە کارناسانی ئابووریی ئێران، پێیان وایە چەند هۆکاری سەرەکیی داخرانی زێڕفرۆشییەکان لە ئێراندا و بەتایبەت لە کوردستان بریتین: گوشاری ماڵیاتیی بەپێی ماددەی ١٦٩، مەندی بازاڕ و بیاڤی ئابووری، هەڵکشان و داکشانی نرخی ئەرز.