زۆربەی دەستبەسەر کراوەکان لە پارێزگای کرماشان کێشەی بێکارییان هەیە

15:24 - 7 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٥ هەزارکەس لە پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کراون. لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قەیرانی بێکاری هۆکاری ڕوودانی تاوانەکانیان بووە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بەهۆی جێبەجێ‏نەکرانی بەڵێنەکانی دەوڵەت لەمەڕ کێشەی بێکاری لە پارێزگای کرماشان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەو پارێزگایە ١٥هەزار و ٨١٨کەس دەستبەسەر کراون کە زیاتر لە ١٣هەزار و ٥٦١ کەس ڕوودانی تاوانەکانیان بە هۆی بێکاریەوە بووە.

بۆرزوو محەممەدی جێگری ئۆپەراسیۆنی ئیتزامیی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە، لەو ١٥هەزار کەسە بە ڕێژەی ٨٠%ی تاوانبارانی دەستبەسەر کراو، کەسانی بێکاری ئەو پارێزگایە پێکی دێنن.

ئەو بەرپرسەی ئۆپەراسیۆنی ئینتزامیی پارێزگای کرماشان، بە ئاماژەدان بە کەمبوونەوەی ڕێژەی تاوانەکانی دزی، کوشتن ، شەڕ و خەیانەت ... لەو پارێزگایە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا بە بەرئاورد لەگەڵ ئەمساڵ، کەمتر بووەتەوە.

بەپێی دوایین ئامار کە ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردووەتەوە، نرخی بێکاری لە پارێزگای کرماشان ٢٠.٣%ـه کە لە بواری بێکاریدا لە ناو ٣١ پارێزگادا پاش پارێزگای لوڕستان بە نرخی بێکاری ٢١.٨ـه وە لە پلەی دووهەم دایە.