زۆربوونی چالاکی حیزبە کوردییەکان دژی حکوومەتی ئێران لە ئەمساڵدا

14:26 - 22 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکییە سیاسی و نیزامییەکانی حیزبە کوردییەکان لە کوردستانی ئێران دژی حکوومەتی ئێران لە ماوەی ئەمساڵدا ڕووی لە زیاد بوون کردووە.

حیزبە کوردییەکان لە کوردستانی ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چالاکییەکانی خۆیان لە دژی حکوومەتی ئێران زیاد کردووە و بە چوونە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجامیش، ڕێبەرانی دوو حیزبی گەورەی کوردستانی ئێران، حدکا و کۆمەلە، لە واشینگتۆن لەگەڵ تینک‌تەنکە‌کانی ئامریکا دیدار و چاوپێکەوتنیان ئەنجام داوە.

لەو دیدار و چاوپێکەوتنانەدا، مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە پەیوەندیی لەگەڵ \"سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران و داهاتووی کوردستانی ئێران\" چەند لێدوانێکیان پێشکەش کرد.

ئەو دوو کەسایەتییە سیاسییە، پاش دەرچوونی ئامریکا لە بەرجام بە شێوەی فەرمی بانگهێشتی ئەو وڵاتە کراون.

حدکا لە دەسپێکی ئەمساڵەوە، پێشمەرگەکانی خۆی لە سەرتاسەری کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو جێگیر کردووە و لەو پەیوەندییەشدا شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانی ئەم حیزبە لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، پیرانشار و بانە لەگەڵ سپای پاسداران هاتووەتە ئاراوە.

لە دوایین نموونەدا ڕۆژی شەممە ٢٠ی گەلاوێژ، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانی حدکا و سپای پاسداران لە کێلەشین لە ناوچەی شنۆ هاتە ئاراوە؛ سدیق دەرویشی، جێگری فەرماندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو باسی لە گۆڕینی تاکتیکی ئەم حیزبە بەرامبەر بە سپای پاسداران لە کوردستانی ئێران کرد.

سپای پاسداران بە زۆربوونی چالاکی حیزبە کوردییەکان لە کوردستان، هەوڵی ڕەوانە کردنی هێزی زۆرتری لەگەڵ کەرەستەی قورسی نیزامیی بۆ کوردستان داوە و فەزای ئەمنییەتی زیاتری بە سەر کوردستاندا زاڵ کردووە.

لەگەڵ دەسپێکردنی شەڕ لە کوردستان لە سەرەتای ساڵی ٥٧، سپای پاسداران، قەرارگای حەمزەی بۆ کاروباری نیزامیی و بەربەرکانێ لەگەڵ حزیبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دامەزراندووە کە لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان کارو چالاکیی دەکات.

هەتا ئێستا قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە هێرش کردنە سەر حیزبە کوردییەکان لە کوردستان، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە و لەو پەیوەندییەدا چەندین جار هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە حیزبە کوردییەکان کردووە.

سپای پاسداران بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکان، ستراتیژی تۆپباران کردنی خاکی هەرێمی کوردستانی لە پێش گرتووە، هەتا لەو ڕێگایەوە گوشاری زیاتر بخاتە سەر هەرێمی کوردستان کە چالاکیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کەم بکاتەوە.

سەرەڕای گوشار و هەڕەشەی سپای پاسداران، چالاکیی سیاسی و نیزامیی حیزبە کوردییەکان لە کوردستانی ئێران ڕووی لە زیاد بوون کردووە و حیزبە کوردییەکانیش پێداگرن لە سەر درێژەدان بە خەباتی خۆیان دژ بە کۆماری ئیسلامی.