زانیاریی لەسەر ٥٣ زیندانیی کوردی مەحکووم بە ئیعدام

15:52 - 19 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ئێستادا زیاتر لە ٥٠ چالاکی سیاسی و عەقیدەتی کورد لە گرتووخانەکانی ئێراندا حوکمی سێدارەیان هەیە کە یان جێبەجێ بووە یان لە چاوەڕوانیی جێبەجێ کردندان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای شۆڕشی حکوومەتی ئیسلامی، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ ٢٠ چالاکی سیاسیی سەربە حیزب و لایەنە کوردییەکانی دژبەری ئێران بڕیوەتەوە.

ئەو کەسانە ئەندامەتی و لایەنگرییان لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان سەلمێندراوە و \"دیوانی باڵای وڵات\" پەسندی کردووە.

ئەو زانیارییانە لە لایەن بنەماڵەی مەحکووم‏کراوەکانەوە پشتڕاست کراوەتەوە و ئاماژەشیان بەوە داوە کە کوڕ و براکانیان لە لایەن مەئموورانی ئەمنیەتییەوە ئەشکەنجە دراون و دۆسییەی ساختەیان بۆ درووست کردوون.

ناوی بەشێک لەو چالاکە گیراوانە کە بە کەمی لە ڕاگەیەنە کوردی و غەیرە کوردییەکاندا باسیان لێوە کراوە، بریتیە لە؛
١ـ هووشەنگ ڕەزایی خەڵکی شاری نەهاوەند، لە جۆزەردانی ساڵی ٨٩ی هەتاوییەوە لە زینداندایە و تۆمەتی \"شەڕ دەگەڵ خودا\"(محاربە)ـی دراوەتە پاڵ. ناوبراو لە گرتووخانەی ڕەجایی شاردایە.

٢ـ ڕەزا مەلازادە خەڵکی سەڵماس، زستانی ساڵی ٩٠ گیراوە و حوکمی ئیعدامی لە \"دیوانی باڵای وڵات\" پەسند کراوە و لە ئێستادا لە گرتووخانەی ورمێ‏دایە.

٣ـ ئیبراهیم عیساپوور خەڵکی سەردەشت، لە پووشپەڕی ساڵی ٩٠ گیراوە و حوکمی لەسێدارەدانی کۆتایی پێهنراوە و لە گرتووخانەی ورمێ چاوەڕێی ئیعدامە.

٤ـ عەبدوڵڵا سەروەرییان خەڵکی سنە، ناوبراو لە دادگەی نیزامیی تۆمەتی سیخۆڕی دراوەتە پاڵی و لە گرتووخانەی ورمێ‏دایە.

٥ـ بەختیار مێعماری خەڵکی مەریوان، لە ساڵی ٨٩وە لە زینداندایە و زیاتر لە ٣ مانگ لە ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر بووە و لە ئێستادا لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە.

٦ـ ئەنوەر ڕۆستەمی ساڵی ٨٧ گیراوە و لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ئیعدام مەحکووم کراوە. ناوبراو ئێستا لە گرتووخانەی ماکۆدایە.

هەروەها ناونیشانی زیاتر لە ٣٠ چالاکی عەقیدەتیی کورد بڵاوکراوەتەوە کە حۆکمی لەسێدارەدانیان هەیە و کۆی زیندانییانی \"اهل سنت\" کە چاوەڕێی جێبەجێ کرانی حۆکمەکانیان دەکەن، دەگاتە ٣٠٠ کەس کە زۆربەیان لە نەتەوەکانی کورد، بەلووچ و تورکمەن پێکدێن.

ناوی بەشێک لەو زیندانییە کوردانە ئەمانەن؛
١ـ کاوە وەیسی ٢ـ تالێب مەلێکی ٣ـ وریا قادری فەرد ٤ـ کەیوان مۆئمێنی فەرد ٥ـ تەیموور نادری زادە، ٦ـ عالەم بەرماشتی ٧ـ فەرزاد هونەرجوو.

زانیاری ورد لەسەر ئەو زیندانییە سیاسی و عەقیدەتیانە لە بەشی فارسیی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپادا هاتووە، کە لە لایەن ئیحسان فەتاحی، چالاکی مافی مرۆڤ کە لە ئێستادا بەهۆی زەخت و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی کوردستان دەژی، ئامادە کراوە.

پێشتریش هەریەکە لە \"گرووپی یەکگرتن بۆ ئێران\" و \"ناوەندی بەڵگەكانی مافی مرۆڤی ئێران\" زانیاریی ئامارییان سەبارەت بە چالاکانی کوردی دەستبەسەرکراو لە گرتووخانەکانی ئێرانیان بڵاو کردبووەوە کە بە بەراورد لەگەڵ باقی نەتەوەکانی ئێران، ڕێژەیان لەسەرێیە.

لینكی پەیوەندیدار:
ئەتڵەسی ٧٠١ زیندانیی کورد بڵاوکرایەوە
نزیک بە ٣٠٠ چالاکی سیاسی و مەدەنی کورد لە زیندان دان