زانکۆی پەیام‌نووری دیواندەرە بەمەرجی بوون بە بەسیج، خوێندکار وەردەگرێت

15:55 - 5 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: زانکۆی پەیام‌نووری دیواندەرە، کە زانکۆیەکی نیوە دەوڵەتییە، مەرجی ئەندامەتی لە بەسیجی بۆ خوێندکاران داناوەو ئەمەش تووڕەیی خوێندکارە کوردەکانی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی خوێندکارێکی کوردی خەڵکی ناوچەی دیواندەرە، زانکۆی پەیام‌نووری دیواندەرە لە بریارێکدا رایگەیاندووە، تەنیا لە ئەگەری ناونووسی لە رێکخراوی بەسیجدا، خوێندکار بۆ ساڵی نوێی خوێندن وەردەگرێت.

ئەو خوێندکارە کوردەی خەڵکی دیواندەرە لە لێدوانیکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە رۆژانی رابردوودا و لە کاتێکدا خوێندکاران بە مەبەستی ناونووسی لە زانکۆی پەیام‌نووری دیواندەرە سەردانی ئەو زانکۆیەیان کردووە، پێیان راگەیاندوون، کە بە مەرجی ناونووسی لە بەسیجدا لە زانکۆ وەردەگیرێن.

لەلایەکی دیکەوە و بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتێکدا بەرپرسانی زانکۆی پەیام‌نووری شاری سەقز لە زستانی ساڵی رابردوویەوە ژەمە خواردنی نیوەڕۆی خوێندکارەکانیان بڕیبوو، لە ساڵی نوێی خوێندنیشدا ئەو ژمە خواردنە بە خوێندکاران نادەن.

بەرپرسانی زانکۆی پەیام‌نووری شاری سەقز، لە مانگی رێبەندانی ساڵی ٩٢ی هەتاوییەوە ژەمە خواردنی ئەو زانکۆیەیان بڕیوە، ئەوەش لە کاتیکدایە کە پێشتر نرخی ژیتۆنی ئەو ژەمە خواردنەیان لە ٥٠٠ تمەنەوە بۆ ٧٠٠ تمەن زیادکردبوو.