زانکۆی تەورێز / کچە خوێندکارێک بەهۆی ژەهراوی بوونی خواردەمەنی گیانی لەدەست دا

16:05 - 7 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کچە خوێندکارانی پەیمانگەی وەرزێڕیی شاری تەورێز بەهۆی ژەهراوی بوونی خواردەمەنی، تووشی سکچوون هاتووە لە ئەنجامدا بووەتە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٥ی بانەمەڕ کچە خوێندکارێکی زانکۆی شاری تەورێز بەناوی \"مریەم ئەکرەمی‌فەر\" بەهۆی تووشبوون بە سکچوونی لەڕادەبەدەر، پاش گەیشتن بە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە، گیانی لەدەست دا.

ئەو کچە خوێندکارەی خەڵکی شاری \"ئیسفەهان\" بووە کە لە سەرەتای حەفتەی رابردووەوە بەهۆی ژەهراوی بونی خواردەمەنی تووشی \"هەو کردنی مێعدە\" و سکچوون بووە کە رۆژی پێنج‌شەممە پاش چەند کاتژمێر لە گەیشتن بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست داوە.

پزیشکی دادوەریی شاری تەورێز، هۆکاری گیان لەدەست دانی ئەو کچە خوێندکارەی ی \"ژەهراوی بوونی خواردەمەنی\" راگەیاندووە.

دەگوترێ هەنووکە زیاتر لە ٢٠ هەزار خوێندکار لە زانکۆی شاری تەورێز سەرقاڵی خوێندن، کەلە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی وەرگرتنی لە رادەبەدەری خوێندکاران و زیادبوونی حەشیمەتی خوێندکار لەو زانکۆیە، کێشە و گرفتی خوێندکاران چەندین قات رووی لە زیادبوون کردووە و بەشی خزمەتگوزاری و حەسانەوەی ئەو زانکۆیە، وەڵامدەری ویستی خوێندکاران نییە.