زامی کاسبکاران سارێژبوونیان بۆ نییە

14:16 - 25 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری بانە، بە ناوی \"عوسمان سەعیدی\"، خەڵکی گوندی \"بنژاژ\" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار بوو.

هێزە نیزامییەکان بەبێ ‌ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کاسبکارە کوردە کردووە، کە پاش برینداربوونی لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری بانە کراوە.

بە بڕوای کارناسانی ئابووری، دابەش نەکردنی سامان و داهات لە ناوچە سنوورییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری لەو ناوچانە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی دیاردەی \"کۆڵبەریـ\"ـیە و کۆڵبەرانی کوردیش لە پێناوی دابینکردنی بژێوی ژیانیان بە شێوەی کرێگرتەیی لە ناوچە سنوورەییەکان خەریکی کاری کۆڵبەرین.