رەوتی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد درێژەی هەیە

13:57 - 10 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: بە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کوردی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، رێژەی دەستبەسەرکردنەکانی یەک حەفتەی رابردوو گەیشتە چوار کەس.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری چاڵدوران بە ناوی مەجید قولیزادە تەمەن ٣٢ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی ئەندامیەتی لەیەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران دەستگیر کراوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، مەجید قولیزادە خوێندکاریی رشتەی قانوون لەزانکۆی تاران بووە و چەندین جاریش سەبارەت بە رەخنەگرتن لە نوێنەرانی کوردی مەجلیس دەستبەسەر کراوە.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لەشوێنی راگرتنی ئەو خوێندکارە کوردە لەبەردەستدا نیە.

سەرەتای ئەو مانگەش دوو هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری سەڵماس بە ناوەکانی پێژمان مامەندی و موحەرەم ئەلخانی لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

رۆژی رابردووش لە بەرەبەریی رۆژی جیهانی کرێکاردا، کەسێکی دیکە بە ناوی عوسمان ئیسماعیلی چالاکی کرێکاریی لەمەهاباد دەستگیر کرابوو.

هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر هۆکاری گرتنی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە بڵاو نەبووەتەوە.