رەوتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشتی كوردستان بەردەوامە

15:35 - 30 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: لەدرێژەی رەوتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشتی كوردستان، راوچییەكی دیکەی مەهابادی وازی لەڕاو كردن هێنا و كەوەكانی ئازاد كرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، عەزیز قاسمی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵكی شاری مەهاباد دوای هەشت ساڵ راو كردن لە هەڵوێستێكی ژینگە دۆستی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، چەكی راوەكەی شكاند و ئەو كەوانەی كە گرتبووی ئازادی كردن.

عەزیز قاسمی رایگەیاندووە: \"سروشت بە باڵەندەوە جوانە و منیش بڕیارم داوە كە ئەو جوانییە بە سروشت ببخشمەوەو وازم لەڕاو كردن هێنا\".

لەماوەی یەك مانگی رابردوودا سێ‌راوچیی مەهابادی وازیان لە راوكردن هێناوە.

هاووڵاتییانی كورد لەرێگەی جۆراوجۆرەوە هەست و سۆزی خۆیان بۆ سروشت و ژینگە دەردەبڕن و لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە چالاکیی ژینگەپارێزیی وەک: خاوێن کردنەوەی سروشت، کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان، چاندنی نەمام و توی گیان، ئازادکردنی کەو و باڵندە کێوییەکان رۆڵیان لە بووژانەوەی سروشتدا هەبووە.

بەوتەی چالاكانی ژینگەپارێز، هەر چەندە بەشداریكردن لە پاراستن و خزمەتكردنی ژینگە لەگەڵ ئەوەی ئەركێكی پیرۆزە، كارێكی ئاسانیش نییە و پێویستی بە یارمەتیی ناوەندە حكوومییەكان هەیە.

ئەو رەوتە ژینگەپارێزییەی كە لەكوردستان دەستی پێكردووە زیاتر بەشێوەی خۆرسک و بەبێ پشتیوانیی ناوەند و لایەنە حکوومی‌یەکان بووە.