رەزا شەریفی بانگهێشتی بەشی ئیجرای ئەحکامی دادگای بۆکان کرا

19:11 - 29 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دادگای گشتیی شاری بۆکان بەربەستی بۆ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەی سەبارەت بە چالاکیی سیاسی و هەروەها پەیوەندی گرتن لەگەڵ میدیاکانی دەرەوە، دروست کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٩ی رەزبەر، رەزا شەریفی بۆکانی بانگهێشتی دادگای شاری بۆکان کرا و بەرەوڕووی هەڕەشەی دادگایی و زیندانی کران بوویەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی بانگهێشتی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ دادگا، رایگەیاند؛ ئەمڕۆ دوو مانگ بەسەر ئازاد کرانی رەزا شەریفی بۆکانی‌دا تێدەپەڕێت و بەشی ئیجرای حوکمەکانی دادگا خوازیاری پچڕاندنی پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵ میدیاکانی دەرەوە و هەروەها راگرتنی چالاکییەکانی بووە.

\"16176.jpg\"
رەزا شەریفی بۆکانی
هاوکات بەشی ئیجرای ئەحکامی دادگا هەڕەشە لە رەزا شەریفی بۆکانی کردووە کە لە ئەگەری بەردەوام بوون لەسەر چالاکییە سیاسییەکانی، پەروەندە پێشووەکەی دەکەوێتەوە گەڕ و دادگای دەکرێتەوە.

رەزا شەریفی بۆکانی بەهۆی وتوێژ لەگەڵ ئەحمەد شەهید لە رێگەی تەلەفزیۆنی دەنگی ئامریکاوە، لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە ماوەی چەندین مانگ بۆ زیندانی ئێڤین راگوێزرا و لە ژێر فشاری ئەو هێزانەدا بوو.

دادگای شاری بۆکان بەڵێننامە و پەنجە مۆری لەو چالاکە سیاسییە و بنەماڵەکەی وەرگرتبوو کە نابێت لەسەر چالاکییەکانی خۆی بەردەوام بێت.

رەزا شەریفی بۆکانی پاش ٣ ساڵ زیندانی کران سەرئەنجام رۆژی ٢٢ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج ئازاد کرا.

رەزا شەریفی بۆکانی ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە تاوانی \"هەوڵدان لەدژی تەناهیی نەتەوەیی\" ماوەی ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیریی بۆ بڕاییەوە.