رەحیم لوقمانی: زمان و فۆرمی شێعریی باباتاهیر ئەدەبی یارسانە

17:12 - 6 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: سەرجەم چوارینەكانی باباتاهیری هەمەدانی لەلایەن رەحیم لوقمانی شاعێر و لێكۆڵەری كوردەوە وەرگێڕدراونەتە سەر شێوەزاری سۆرانی.

لەمێژە لە مەیدانی فەرهەنگی و ئەدەبیی كوردی و فارسیدا لەناو خاوەن را و شارەزایان لەمەڕ كوردبوون یان نەبوونی باباتاهیری هەمەدانی مشتومڕێكی زۆر لە گۆڕێ‌ دایە و زۆر جار لەلایەن هێندێ‌ توێژەری فارسەوە هەوڵ بۆ شێواندنی مێژووی ژیان، گۆڕینی زمان و شێعریی باباتاهیر دراوە.

رەحیم لوقمانی شاعێر، نووسەر و لێكۆڵەری كورد لە لێدوانێكی تایبەتدا لەم بارەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند، لەمێژە كاری توێژینەوەم لەسەر ژیان و بەرهەمەكانی باباتاهیر هەمەدانی دەست پێكردووە و پاش یەك ساڵ و نیو كاری لێكۆڵینەوە سەرجەم چوارینەكانی ئەو شاعێرە كوردە كەلە بنەڕەتدا شێوەزاری \"لەك و لوڕ\"ە هێناومەتە سەر شێوەزاری سۆرانی.

ئەوەشی خستە روو زمانی باباتاهیر زمانی لەك و لوڕ و زمانی رابردووی ناوچەی هەمەدانە كە ئێستاش ئەو شێوەزارە لە هەمەدان و بەتایبەت گوندەكانی دەورووبەری هەر برەوی هەیە و كە بەپێی ئاخاوتن و دەربڕینیان زیاتر لەژێر كاریگەریی زاراوەی هەورامی دایە.

لوقمانی لە درێژەی لێدوانەكەیدا وتی لە رەوتی كاركردن و لێكۆڵینەوە و وەرگێڕانی چوارینەكانی باباتاهیردا نزیك بە 10 نوسخەی چاپی و یەك نوسخەی خەتیی كۆنم دەسكەوتووە و كارم لەسەر كردوون كە جیاوازیشیان پێكەوە هەیە، بەڵام بەگشتی ئەوەم بۆ دەركەوتووە كە نە فارسین و نە زمانێكی دیكە و لەژێر سێبەر و كاریگەریی هەورامی دایە و لە ناوەرۆكەكەشیدا دەردەكەوێت كە بانگەشەی بۆ ئاینێكی تایبەت نەكردووە.

هەرچەند باباتاهیر خۆی یەكێك لە پیران و گەورەپیاوانی ئایینی یارسانە و ئایینی یارسانیش ئایینی زۆر چوارچێوەدار نیە و لە روانگەی باباتاهیرەوە هەموو عەشقێك پیرۆزە و هەموو رێگایەك دەگاتەوە بە خودا و منیش هەستم نەكردووە كە زمانێكی جیاواز وەردەگێڕمە سەر زمانی كوردی و هەر وام داناوە كە ئەو شێعرانە بە شێوەزارێكی ناوخۆیی سەر بە بنەماڵەی گەوری زمانی كوردین و هێناومەتە سەر شێوەزاری پێوەری زمانی كوردی (سۆرانی).

لەبارەی تایبەتمەندیی شێعری باباتاهیرەوە رەحیم لوقمانی وتی: شێعری باباتاهیر شێعرێكی سادیە و چەشنی خەیام نیە كە باسی فەلسەفە و جیهانبینیەكی تایبەت بكات و كۆمەڵگا بخاتە ژێر پرسیارەكانی خۆیەوە، تژی لە عەشق و سۆزی دەروونی و زۆر جار حەز دەكات لە دونیای مادی بترازێت كە من هەر لە رووی شێواز، دەربڕین و زمانەوە لەو باوەڕە دام كە چەند چوارینەیەك كە لە رەوتی كارەكەمدا بینیومەتەوە هەر هی باباتاهیرن، بۆیە منیش پێم زیاد كردوون.

رەحیم لوقمانی لە بەشێكی دیكە لە لێدوانەكەیدا ئەوەشی ئاشكرا كرد كە جیا لە لایەنی زمان بۆ سەلماندنی ئەوەی كە باباتاهیر كوردە، جیا لەوەی كە زمانەكە فارسی نیە، یەكەم لە رووی داڕشتن، جۆری كینایەەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو جۆرە داڕشتن و كینایانە لە زمانی فارسیدا نین و دووەمیش لەباری باوەڕمەندی و ئایینییەوە باباتاهیر كە هەروەك لە ناوەكەیدا دیارە یەكێك لە گەورەكانی ئایینی یارسانە و ئەو ئایینەش لە كوردستانە و هەموو پێشڕەوەكانیشی كورد بوون.
\"5836.jpg\"
لەباری ریتم و ئاهەنگی شێعریی باباتاهێرەوە ئەو لێكۆڵەرە كوردە ئەوەی خستە روو، كە قاڵبی شێرەكانی باباتاهیر قاڵبێكی \"بڕگەیی\"ین (مەفاعلەن، مەفاعیلەن، فعوولون) وەك ئەم شێعرەی كە ئەڵێ‌\"سەفەر وەرزەن م سەودای تە وەرزەن\" ئەم قاڵبە ئەكرێ‌ پێشتریش هەبووبێت، بەڵام زیاتر لەناو ئاواز و ریتمی گۆرانیی كۆندا بووە، هەر بۆیە ئەدیبە فارسەكان پێی ئەڵین \"پەهلەوانی\" (پەهلەوی)، چونكە بەم ریتمە زۆر ئاوازی كۆنی ناچەی هەورامان و رۆژئاوای ئێران بەم ریتم و ئاهەنگە وتراوە، ئەم چوارینانەش كە شێوەی دەربڕین و كێشی شێعریی باباتاهیر ناسراون، من لەو باوەڕە دام كە بەرلەوەی كە كێشی عەرووزیی عەرەبی بێتە ئێرانەوە كە كورد و فارس كەڵكیان لێوەرگرتووە، ئەگەر بێت و بەكاری هێنابێت، دەگەینە ئەو باوەڕە كە ئەمە تایبەتمەندیی شێعری كۆنی كوردییە، بەڵام لەبەر ئەوەی كە ئەم كێشە شێعرییە لەناو عەرەبیشدا هەیە، بەڵگەیەكی وامان بەدەستەوە نیە كە نیشان بدات پێش كێشی عەرووزیی عەرەبی ئەم جۆرە كێشە شێعرییە لەناو كورد و فارسدا باو بووە و پێ نووسراوە. رەنگە لەناو ئاوازەكاندا شتی وا هەبووبێت، بەڵام وەكوو بەڵگەیەك كە كەسێكی تایبەت بڵاوی كردبێتەوە شتی وام نەبینیوە.

لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەش دا كە وەرگێڕانی هەموو چوارینەكانی باباتاهیر هەمەدانی بۆ سەر زاراوەی سۆرانی كۆتاییان پێهاتووە و پێشەكییەكی تێروتەسەلەم بۆ نووسیوە و بە بەڵگەش سەلماندووم كە باباتاهیر هەر لە رووی ناوەكەشییەوە كوردە و یەكێك لە گەروەكانی ئایینی یارسانە و ئێستا لە قۆناغی وەرگرتنی مۆڵەت دایە بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە.

ـ رەحیم لوقمانی، شاعیر و لێكۆڵەر، لەدایك بووی ساڵی 1340ی هەتاوی شاری سەقزە.
ـ خاوەن بڕوانامەی لیسانی زمان و ئەدەبی فارسی و مامۆستای قوتابخانە دواناوەندییەكانی شاری سنەیە.
هەتا ئێستا ئەم بەرهەمانەی چاپ و بڵاو بوونەتەوە:
ـ زامستان، كۆمەڵە شێعر، سنە ساڵی 1383.
ـ فاشیزم چیە؟ كورتە چیرۆكەكانی یەلماز گونای وەرگێڕانی لە فارسیەوە بۆ كوردی چاپی سنە ساڵی 1383.
ـ چاپ و بڵاوكردنەوەی دەیان وتار و بابەتی فەرهەنگی، ئەدەبی لە گۆڤار و رۆژنامەكانی كوردستانی ئێران و هەرێمی كوردستان.
ـ لە چەندین سیمینار، كۆنگرە و كۆبوونەوەی فەرهەنگی و ئەدەبیی پارێزگاكانی كوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا و هەرێمی كوردستان بەشداریی كردووە.
جیا لە ئەم بەرهەمانەشی ئامادەی چاپن:
ـ كۆكردنەوەی ئەفسانە و چیرۆكە فۆلكلۆرییە كوردییەكان.
ـ \"ئەو كەرەی خەڵاتی وەرگرت\" وەرگێڕانی چەندین كورتە چیرۆك بۆ مێرمنداڵان.
ـ \"دەنگی باران\" كۆمەڵە شێعر بۆ منداڵان و مێرمنداڵان و كۆمەڵێكی بەرچاوی دیكەی شێعری كلاسیك و نوێی كوردی و چیرۆك.