رەجایی‌شاری کەرەج/ مانگرتنی حەوت زیندانیی سیاسی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە راگوێزرانی هاوبەندییەکانیان

20:02 - 27 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە راگوێزرانی هاوبەندییەکانیان بۆ ژووری تاکە کەسی، مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی رابردوو، زیندانیانی سیاسیی بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ی رەجایی شاری کەرەج لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی نێو زیندانەوە هێرشیان کرایە سەر و دوو چالاکی سیاسی بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندان راگوێزران.

لە ئەنجامی هێرشی ئەو مەئموورانەدا دوو زیندانیی سیاسی بەناوەکانی رەسووڵ بوداغی و شاڕۆخ زەمانی بۆ ژووری تاکە کەسیی نێو زیندان راگوێزران و چالاکێکی بەهاییش بەناوی ئەمانوڵڵا موستەقیم، رەوانەی بێهداریی نێو زیندان کرا.

\"18373.jpg\"
رەسووڵ بوداغی و شارۆخ زەمانی بەهۆکاری ناڕوون بۆ ژووری تاکەکەسیی نێو زیندان راگوێزران
رەسووڵ بوداغی، چالاکی سنفیی مامۆستایان، مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر و دواتر بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

شارۆخ زەمانی یەکێک لە چالاکانی کرێکاری، لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ زیندانی یەزد گوازرایەوە، کە سەرئەنجام ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

هاوکات لەگەڵ راگواستنی ئەو دوو گیراوە سیاسییە بۆ ژووری تاکە کەسیی زیندان، حەوت گیراوی دیکەی سیاسی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو هەڵوێستەی مەئموورانی نێو زیندان مانیان لە خواردن گرت.

\"18374.jpg\"
ئەمانوڵڵا موستەقیم رەوانەی بێهداریی نێو زیندان کرا
ئەو زیندانییانە رایانگەیاندووە؛ هەتا کاتی گەڕانەوەی هاوبەندییەکانیان، لەسەر مانگرتنەکەیان بەردەوام دەبن.

ناسنامەی ئەو حەوت گیراوە سیاسییە کە مانیان لە خواردن گرتووە، \"ناسێح یووسفی، خالید حەردانی، سەعید ماسووری، محەممەد عەلی مەنسووری، ساڵح کۆهەندڵ، محەممەد بەنازادەی ئەمیرخیزی و حەمیدرەزا بورهانی\" راگەیەندراوە.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران بڵاوی کردۆتەوە، زیندانیانی سیاسیی بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ی رەجایی شاری کەرەج بەرەوڕووی لێدان و سووکایەتی و جوێن پێدانیش بوونەتەوە.