رێگەوبانی ناستاندارد و بەردەوامیی گیان لەدەست دانی هاووڵاتییان

14:55 - 13 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: ناستانداردیی رێگەوبانەکانی ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە ئوستانی کرماشان، گیانی هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی ستاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی رۆژی رابردوو هاووڵاتییکی کورد لە کەلی \"سیا تایر\"ی سەربە سەلاسی باوەجانی بە هۆی هەڵدێرانی ماشێنێکەیەوە گیانی لەدەست دا.

دەگوترێت کە ئەو رووداوە کاتژمێــر ٥ی سەرلە بەیانیی رۆژی رابردوو لە پێچەکانی کەلی سیا تایر رووی داوە، بەڵام بەهۆی هەڵدێر بوونی ئەو ناوچەیەوە، کاتژمێر ٦ی سەرلە ئێوارە بە رووداوەکە زانراوە.

بە وتەی هاووڵاتییانی ناوچەکە، ئەو کارمەندەی ئیدارەی ئاو و فازڵاوی ئاواییەکانی سەلاسی باوەجانی بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆبوونەوەیەکی ئیدارەی ناوبراو بەرەو شاری کرماشان بەڕی کەوتووە و لە رێگەدا بە هۆی نەبوونی هێمای ئاگادار کەروە و لەمپەری قەراغ جاددە تووشی ئەو رووداوە بووە.

کارمەندانی ئەو ئیدارەیە و هاووڵاتیان ناوچەکە بەهاوکاریی ئیدارەی موخابەرات و لە رێگەی شەپۆلی مۆبایلەکەیەوە، شوێنی ئەو رووداوەیان دۆزیوەتەوە.

هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە رایانگەیاندووە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەدان هاووڵاتیی بۆهۆی خراپی و ناستاندارد بوونی ئەو رێگەیەوە تووشی رووداوی دڵتەزێن دەبن و گیان لەدەست ئەدەن، بەڵام سەرەڕای ئەوە کە دەیان جار لایەنە حکوومەتی و پەیوەندیدارەکان لەو مەسەلەیە ئاگادار کراونەتەوە، هەتا ئێستا هیچ ئاوڕێکی لێ نەدراوەتەوە.
\"15080.jpg\"

\"15081.jpg\"