رێگری کردن لە رێوڕەسمی ساڵیادی هەڵەبجە لە شاری تاران+وێنە

20:41 - 20 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: رێوڕەسمی بیرئانینی قوربانییانی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە، سەردەشت و شارەکانی دیکەی کوردستان، لە شاری تاران ئیزنی بەڕێوەچوونی پێ نەدرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ‌شەممە، لە کاتێکدا بڕیار بوو سمیناری \"هەڵەبجە لە شینەوە بۆ ژین\" لە خانەی بیرمەندانی زانستە ئینسانییەکان بەڕێوە بچێت، رێگری لە بەڕێوەچوونی کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تارانەوە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، رایگەیاند: بەرلە کرانەوەی سمینارەکە، چەند لیباس شەخسییەک چوونەتە شوێنی رێوڕەسمەکە و رێگرییان لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە کردووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد؛ بەرێوەبەرانی رێوڕەسمەکە بە بەشدارانیان راگەیاندووە؛ کە بەهۆی ناهەماهەنگییەوە ئەم رێوڕەسمە هەڵوەشاوەتەوە.

بریاربوو لەو رێوڕەسمەدا \"روانگەیەکی ئێرانییانە بۆ تراژیدیای کارەساتی هەڵەبجە\" بێتە بەر باس و تاوتوێ بکرێت.

سادق زیباکەلام، حوسین ئەردستانی، دوکتور ئەسعەد ئەردەلان، دوکتور قوتبەدین سادقی و حیکمەت فایەق عارف بۆ گوتاربێژی ئەو رێوڕەسمە بانگهێشت کرابوون.

ئەو سمینارە لەلایەن ئەنجومەنی زانستە سیاسیەکان و بە هاوکاریی خانەی بیرمەندانی زانستە مرۆییەکان رێک خرابوو و ئەردەشیر پەشەنگ خەلکی شاری جوانڕۆ برپرسایەتیی رێوڕەسمەکەی لە ئەستۆ بوو.

وێنە: فەیسبووک
\"18733.jpg\"

\"18734.jpg\"

\"18735.jpg\"

\"18732.jpg\"

\"18731.jpg\"