رێگری لەچوونە مەرەخسیی مامۆستایەکی دەستبەسەرکراوی کورد، لەزیندانی زاهیدان

14:22 - 20 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: محەممەدئەمین ئاگۆشی زیندانیی دوورخراوەی کورد لەگرتووخانەی زاهیدان، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکان و لێپرسراوانی زیندانەوە ئیزنی چوونە مەرەخسیی پێنەدرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەدئەمین ئاگۆشی مامۆستای خانەنشین کراو بە بەردەوامی داوای مەرەخسی بە مەبەستی چاو پێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و هاوسەرە نەخۆشەکەی کردووە، بەڵام ئەو داوایە رەت کراوەتەوە.

\"18293.jpg\"
محەممەدئەمین ئاگۆشی زیندانیی دوورخراوەی کورد، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکان و لێپرسراوانی زیندانەوە ئیزنی چوونە مەرەخسیی پێنەدرا
هاوسەری ئەو مامۆستا کوردە بەناوی \" کوبرا قەلەندەری\" تووشی جەڵتەی مێشک بووە و لەحاڵی حازردا لەحاڵەتی \"کۆما\"‌دایە و لەو بارەیەوە هەوڵدەریی هێرانا بڵاوی کردبۆوە، ئاگووشی ماوەی دوو مانگە دەیهەوێ‌چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوسەرەکەی ئەنجام بدات.

محەممەد ئەمین ئاگۆشی مامۆستای خانەنشین کراو و خەڵکی شاری پیرانشارە و ساڵی ١٣٨٦ لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە تۆمەتی \"سیخوڕی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان\" دەستبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە دوای ٧ مانگ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار و ورمێ‌، لەلایەن دادگای نیزامیی ( رێکخراوی قەزایی هێزە چەکدارەکان)ی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی تیرباران کردنی بەسەردا سەپا.

دواتر حوکمی ئێعدامی محەممەد ئەمین ئاگۆشی لە لقی ١‌ی دادگای نیزامیی کرا بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی زاهیدان.

ئەو مامۆستا تەمەن ٥٤ ساڵەیە ماوەیەک لەمەوبەر لە نامەیەکدا رایگەیاندبوو،\" بارودۆخی جەستەیی نالەبارە وئەگەر بەرپرسانی زیندان گرینگی بە نەخۆشیییەکەم نەدەن، بە نیشانەی ناڕەزایەتی مان لە خواردن دەگرم\".

ئاگۆشی لە رێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ئەمساڵدا بۆ ماوەی ١٠ رۆژ مانی گرت و بە هۆی چوونە سەرەوەی تەمەنی و مانگرتن لە خواردن، \"معدە\"ی تووشی خوێنرێژی ببوو.