رێگریی هێزە ئاسمانییەکانی حکوومەتی ئێران لە وەرگیرانی فڕۆکەوانێکی کورد

17:30 - 23 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەشێوەی بەردەوام رێگری لە وەرگیرانی هاووڵاتییانی کورد بۆ ناو هێزە ئاسمانییەکان دەکەن.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"جەلال عەقیدە\" سەرەڕای تێپەڕاندنی سەرجەم خولە پەروەردەیی و راهاتنەکانی فڕۆکەوانی، بەڵام رێگری لە وەرگیرانی لە ناو هێزە ئاسمانییەکاندا دەکەن.

ئەو فڕۆکەوانە کوردە هەنووکە دانیشتووی شاری ئیسفەهانە و بەهۆی دەستکورتی بنەماڵەیی رووی لە پیشەی میکانیکی کردووە.

لەلایەکی دیکەوە هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەبەر ئەوەیکە \"جەلال عەقیدە\" خۆی وەک هاووڵاتی کورد ناساندووە، گوشاریان خستۆتەسەر و پێیان راگەیاندووە کە لە کاتی گەڕانەوە و سەردان بۆ ئیلام پێویستە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیسفەهان ئیزن وەر بگرێت.

بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێک دایە کە چەند رۆژ پێش ئێستا کچە فڕۆکەوانێکی کورد بە ناوی \"خەدیجە سەیفی\" تەنیا بۆ دابین کردنی بەشێک لە تێچووی خوێندنەکەی داوای هاوکاریی لە بەرپرسانی پاریزگای کرماشان کردبوو کە لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە سووکایەتی پێ کرابوو.