رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان: زیندانیانی سیاسیی و مەدەنی ئازاد بکرێن

14:53 - 19 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: رێکخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ و پەسندکردنی راگەیەندراوی جیهانی مافی مرۆڤ بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

لەبەشێکی بەیانییەکەدا هاتووە: بەداخەوە لەماوەی ئەمساڵدا بەتایبەت پاش هاتنە سەرکاری رۆحانی، پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ و فشارەکان بۆ سەر چالاکانی سیاسیی رووی لە زیادبوون کردووە.

نوسخەیەک لەو بەیانیەیە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە و دەقەکەی بەم چەشنەیە:

رێکخراوی بەرگریی لە مافی مرۆڤی کوردستان رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ و پەسند کردنی راگەیەندراوی جیهانی مافی مرۆڤ لە خەڵکی ئێران، کوردستان و سەرجەم ویژدانە زیندووەکان پیرۆزبایی دەکات و وێڕای پشتیوانی خۆی لە چالاکانی مافی مرۆڤ بەمەبەستی باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران، نیگەڕانی خۆشی لە درێژەی پێشێڵکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوت کردنی ئازادییەکان دەردەبڕێ‌.

بەداخەوە لەماوەی ئەمساڵدا بەتایبەت پاش هاتنە سەرکاری رۆحانی، پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ و درێژەی فشارە سیاسییەکان نە تەنیا رانەوەستاوە بەڵکوو لەژێر سێبەری وتووێژە ناوکییەکاندا وڵاتی ئورووپایش بێدەنگیان لەهەمبەر پێشێڵکاریەکاندا هەڵبژاردووە و بەپێچەوانەی بەڵێنییەکانی پێش هەڵبژاردن هیچ هیوا و ئومێدێک بۆ باشتر بوونی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی و کەم بوونەوەی فشارەکان بۆ سەر چالاکانی سیاسیی و مافی مرۆڤ کە لەدۆخێکی زۆر نالەباردان، بەدی ناکرێ‌.

لەو نێوەدا محەممەد سەدیق کەبوودەوەند بەرپرس و دامەزرێنەری رێکخراوەکە کە ماوەی ٧ ساڵە لە زیندان دایە، لەگەڵ هەڕەشەی نوێی ئەمنیەتیی بەرەوڕوو بۆتەوە، یان ئاغای عەبدولفەتاح سوڵتانی کە بە تاوانی پشتیوانی کردن لەمافی مرۆڤ لە حەبس دایە و هەروەها ژمارەیەک زیندانی دیکە بەناوەکانی موحسین میردامادی، عەبدوڵڵا رەمەزانزادە، مستەفا تاجزادە، قوربان بهزادیان، عەبدوڵڵا موئمێنی، محەممەد داوەری، حەسەن زەیدئابادی، عەلیرەزا رەجایی، مەسعوود پێدرام، سەعید مەدەنیی، کەیوان سەمیمی ، ئەمیر خوڕەم عێماد بەهاوەر، محەممەد سەیفزادە و ... تەنیا بەتاوانی چالاکیی ئاشتی خوازانە و رێفوڕم لەگرتووخانەکان دان.

لەلایەکی دیکەوە چالاکانی مافی مرۆڤی کورد بەناوەکانی خوسرەو و مەسعوود کوردپوور و هێندێ‌چالاکی کرێکاری سێنفی دیکە وەکوو بێهنام ئیبراهیم زادە، یاشار دارولشەفا، مەهدی خودایی، محەممەد یوسف پوور و فەرشید فەتحی و هەروەها زیندانیانی مەزهەبی بەناوەکانی غولامرەزا خوسرەوی، موحسین و ئەحمەد دانشپوور و قەنبەری و دەیان کەسی دیکە کە حوکمی ئێعدامیان هەیە لەگەڵ دۆخێکی زۆر نالەباری جەستەیی و ناو گرتووخانەدا بەرەڕوون و لەلایەکی تریشەوە رێبەرانی بزووتنەوەی سەوزیش لە دۆخێکی جێگای نیگەرانیدا ژیان بەسەر دەبن.

هەر بۆیە رێکخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی کوردستان خوازیاری ئازاد کردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسیی و مەدەنیە و داوا لە هەموو وێژدانە زیندووەکان دەکات هاودەنگ لەگەڵ رێکخراوی مافی کوردستان، داوا بکەن کە ئێعدامەکان لەئێران رابگیرێ‌و کۆتایی بە پێشێڵکردنەکان بهێندرێ‌و هەروەها محەممەد سەدیق کەبوودوەند و رێبەرانی بزووتنەوەوی سەوز لە زیندان و دەستبەسەری لەماڵەکانیدا ئازاد بکرێن.

١٨ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی

رێکخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی کوردستان