رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: \"لێپرسراوانی ئێرانی بەم شێوەیە کایە بەگیانی ئینسان دەکەن\"

15:11 - 26 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: هەڕەشە و فشاری لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامی بۆسەر زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، لەگەڵ دژکردەوەی ناوەندی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی لە لەندەن، بەرەوڕوو بوویەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکخراوی لێبوردنی نیونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا هەڵسووکەوت و فشاری لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بۆسەر زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، مەحکووم کرد.

لەو بەیاننامەیەدا کە رۆژی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، کە پەنا بردن بۆ هەڕەشە و تەمبێ کردنی زیندانیان بۆ کۆتایی هێنان بە مانگرتنی زیندانیان، نیشانەی دۆخی لاواز و نالەباری سیستمی دادوەری لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندایە.

\"23663.jpg\"
سامان نەسیم، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، حوکمی لەسێدارە درانی بۆ بڕاوەتەوە
پێشتریش لێپرسراوانی قەزایی – ئەمنیەتی لە زیندانی ورمێ، هەڕەشەی بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدانی ١٠ زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارەیان لەو زیندایانە کردبوو.

رێکخراوی لێبوردنی نیونەتەوەیی بەتایبەت لە هەمبەر دۆخی دەروونی و جەستەیی سامان نەسیم نیگەرانیی خۆی دەربڕیوەو رایگەیاندووە، لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران باج لەو زیندانییە کوردە وەردەگرن، کە لەکاتی دەستبەسەر کراندا تەمەنی ١٧ ساڵ بوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ رۆژ بەسەر مانگرتنی ٢٧ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێدا تێپەڕ دەبێ، کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە تێکەڵ کرانیان لەگەڵ زیندانیانی دیکە و راگواستنیان بۆ بەندەکانی دیکەی نێو زیندان مانیان لە خواردن گرتووە.

\"23665.jpg\"
رەسووڵ خزر مروەت،یەکێک لە مانگرتوانی زیندنای ورمێ، لە بارودٶخێکی نالەباری جەستەییدایە
حەسیبە حاجی سەحرایی، جێگری بەرپرسی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا بە بی‌بی‌سی، راگەیاندووە: بەڕاستی جێگەی داخە، کە لێپرسراوانی ئیرانی بەم شێوەیە کایە بە گیانی ئینسان دەکەن\".

هاوکات لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخی تەندروستیی سامان نەسیم، زیندانییەکی دیکەی سیاسیی کوردیش بەناوی رەسووڵ خزر مروەت، کە یەکێک لە زیندانیانی مانگرتووی زیندانی ورمێ‌یە، بەهۆی بەردەوامبوون لە مانگرتنەکەی تووشی خوێنڕێژیی مەعدە بووەو بەو هۆیەوە گوازراوەتەوە بۆ بێهداریی نیو زیندان.

ئەو زیندانیەی کوردە لە کاتێکدا تووشی لاوازیی جەستەیی و تێکچوونی باری تەندروستیش بووە، بۆ خۆی رێگەی بە پزیشک نەداوە کە سیرۆمی لێ بدەن\".