رێژەی بێکاری لە ئێران سنووری ٣ ملیۆن کەسی تێپەڕاند

13:25 - 12 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی شارەزایی بەرپرسانی لە بواری پلان رێژیدا، رێژەی بێکاری لە ئێران سنووری ٣ ملیۆن کەسی تێپەڕاند.

بە سەرنجدان بە رێژەی ئەو کەسانەی کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو بە دوا کاردا گەڕاون، دەردەکەوێ کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئاماری بێکاران لە نێوان ٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس بۆ ٣ ملیۆن ٢٠٠ هەزار کەس لە هەڵکشان و داکشان‌دا بووە.

هەواڵدەریی مێهر لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، زۆرترین رێژەی بێکاران لە نێوان توێژی لاوان دایە، بەشێوەیەک لە کۆی ٣ ملیۆن و ٢٣ هەزار کەس بێکار لە هاوینی ئەمساڵدا، ٢ ملیۆن و ٨١ هەزار و ١٦٨ کەس تەمەنیان لە نێوان ١٥ هەتا ٢٩ ساڵدا بووە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، لە کاتێکدا دەوڵەت بەڵێنی لەمەڕ چارەسەر کردنی کێشەی بێکاری بە هاووڵاتیان دەدا، رێژەی بێکارانی ئێران لە نێوان ٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس بۆ ٣ ملیۆن ٢٠٠ هەزار کەس لە هاتوچۆدا بووە و بە پێچەوانە ئەو بەڵێنییەکانی دەوڵت، رێژەی بێکاری رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو زیاد بوون رۆیشتووە.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە کە رێژەی بێکاری لە وڵاتی ئێران لە ساڵەکانی (٨٤ و ٨٥ ) ٢.٦ ملیۆن کەس، ساڵەکانی (٨٦ و ٨٧) ٢.٤ ملیۆن کەس، ساڵی (٨٨) ٢.٨ ملیۆن کەس، ساڵی (٨٩) ٣.٢ ملیۆن کەس و ساڵی (٩٠) ٢.٨ ملیۆن کەس بووە.

بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی بێکاری لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا ٣ ملیۆن و ١٤٦ هەزار کەس بووە کە ئەو رێژەیە لە وەرزی هاویندا بۆ ٣ملیۆن و ٢٣ هەزار و ٥٧٤ کەس کەمی کردووە.

کەم کردنی رێژەی ١٢٢هەزار و ٤٢٦ بێکار لەناو ٣ ملیۆن بێکاردا، تەنیا نیشاندەری لاوازیی بەڕێوەچوونی پلانەکانی دەوڵەت لەمەڕ بن‌بڕ کردنی کێشەی بێکاری لە وڵاتی ئێران دایە.

لەلایەکی دیکەوە کارناسان پێیان وایە رێژەی بێکاری لە وەورزی زستانی ئەمساڵدا لەو رێژەیە زیاتر بێت و سنووری ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس ببەزێنێت.

پێشتریش ناوه‌ندی ئاماری ئێران بڵاوی کردبۆوە، نرخی بێکاری لە پارێزگای کرماشان ٢٠.٣% ــه ‌و ئه‌و پارێزگایه ‌له بواری بێکاریدا له‌ناو ٣١ پارێزگادا پاش پارێزگای لوڕستان بە نرخی بێکاری ٢١.٨%ــەوە پله‌ی دووەمی هه‌یه.

هەروەها به‌پێی راپۆرتێک که سه‌رچاوه هه‌واڵده‌رییه‌کانی حکوومەتی ئێران بڵاویان کردۆته‌وه‌، ئاماری بێکاریی ساڵی رابردوو ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات زیاترین نرخی بێکاری له ٤ پارێزگای کوردنشینی ئێران و بەتایبەتی لە پارێزگای ئیلام دایە.