رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان: راپۆرتی ئەحمەد شەهید راستییەكانی كوردستانی تێدا نەگونجێندرابوو

15:34 - 5 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی كوردپا: هەیئەتی بەڕێوەبەریی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان نامەیەكی سەرئاوەڵای سەبارەت بە دوایین راپۆرتی ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری ئێران، بڵاو كردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەو نامەیەدا كە نوسخەیەكی بۆ ئەحمەد شەهید ناردراوە وێڕای دەستخۆشی لە زەحمەت و ماندوو بوونەكانی، هاتووە: \"لەدوایین راپۆرتی بەڕێزتان سەرجەم پێشێلكارییە سیستماتیكەكانی كوردستان رەنگی نەداوەتەوە و تەنانەت باس لە دۆخی هەنووكەیی كوردستانیش نەكراوە\".

لەدرێژەی نامەكەدا نووسراوە، بەداخەوە لەو راپۆرتەدا وەكوو راپۆرتەكانی پێشوو راستییەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤی كوردستان تێیدا نەگونجێندراوە و بەشێوەی شاراوە ماوەتەوە. هەڵاواردن و جیایی دانان لەقاڵبی جۆراوجۆردا بەدژی خەڵكی كورد درێژەی هەیە و ئەوەی لەراپۆرتی ئێوەدا بەدی ناكرێ‌ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانن.

لەبەشێکی نامەكەدا هاتووە، لەرێگای ئەو نووسراوەیەوە دەمانهەوێ‌پێت رابگەیەنین، كە خەڵكە ورد وەكوو كەمینە نەتەوەیەک، كە ١٢% هەتا ١٥%‌ی دانیشتوانی ئێران پێكدێنن لەماوەی ٣٥ ساڵی رابردوودا ماف و ئازادییەكانیان لەژێر هەڕەشەدا بووە و بە بەردەوامیش قوربانیان داوە.

لەنامەكەدا باس لەوەش كراوە، لەرەوتی سەركوتی بزووتنەوەی خودموختاری خەڵكی كوردستان لەدەیەكانی ٨٠‌ی میلادیدا نزیک بە ١٠ هەزار كەسی كورد لەلایەن حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژران و هەزاران كەسیش دەستبەسەر و زیندانی كران و تەنانەت لەهێندێک‌لەگوندەكان بڕیاری كوشتنی بەكۆمەڵ و قڕكردنی خەڵكی كورد درا.

لەنامەكەدا هاتووە، لەماوەی دەسەڵاتداریەتیی كۆماری ئیسلامیدا، سەرجەم چالاكیی حیزب و گرووپە سیاسییەكانی كورد قەدەغە كراوە و چالاكی سیاسیی وەكوو تاوانێكی قورس چاوی لێكراوە و تەنانەت ئەنجومەن و ناوەندە فەرهەنگییەكانیش بە توندترین شێوە سەركوت كراون.

بەرپرسی هەیئەت ئیجرایی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، لەكۆتایی نامەكەیدا روو بە ئەحمەد شەهید نووسیویەتی:\" ئێمە هیوادارین ئێوە وەكوو رێپۆرتێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ، پرسی سیستماتیكی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەكوردستان و قەدەغە كرانی چالاكیی حیزبەكان و ناوەندە مەدەنیی و مافی مرۆڤییەكانی كورد، سەركوتی چاپەمەنییەكان و هەروەها پرسی زیندانیانی سیاسیی كورد بخرێتە بەر باس و بەدواداچوونیان بۆ بكرێت\".