كرێكارێك لە شاری سنە بەهۆی رووداوی كارەوە گیانی لەدەست دا

16:19 - 21 بانەمەڕ 2712
كوردپا: چەند رۆژ لەمەوبەر كرێكارێكی ئیدارەی ئاوی شاری سنە بەهۆی رووداوی كارەوە گیانی لەدەست دا.

ماڵپەڕی كۆمیتەی هاودەنگی بۆ پێكهێنانی دامەزراوە كرێكارییەكان بڵاوی كردەوە، غالب زارعی كرێكاری ئیدارەی ئاوی شاری سنە لە كاتی كردن لە تالاری پەردیس لە ئەنجامی داڕووخانی چاڵاو گیانی لەدەست داوە.


پێشتریش فەتحوڵڵا سوهرابی تەمەن 60 ساڵ چەند رۆژ لەمەوبەر بەهۆی داڕووخانی دیوار لە گەڕەكی \"تەپەی كەرباسی\"ی شاری سنە گیانی لەدەست داوە.

هەروەها لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند كرێكاری دیكەش بە ناوەكانی سەلاح قاسمی، تەمەن 35 ساڵ و كرێكاری پڕۆژەی \"مسكن مهر\"، عەبدوڵڵا توركەمان خەڵكی گوندی \"میلان\"‌ی سەر بە شاری ماكۆ و كرێكار لە كارگەیەكی بەخێو كردنی پەلەوەر و عەلیمحەممەد ساڵح قاتع، خەڵكی سەقز كرێكار لە كانگایەكی بەرد لە گوندی مەڵقەرەنی سەقز بە هۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە.

كرێكارانی كورد لە ناوچە كوردنشینەكان لە كەرتە بچووكەكانی كار بەهۆی بێبەش بوون لە مافی بیمە و خزمەتگوزاری و ئەمنیەتی كار پاش رووداوی كار، هیچ مافێكیان پێنادرێت كە ئەمەش یەكێكە لە گرفتەكانی كرێگاران لە كوردستان.