كرێكارێكی بۆكانی بەهۆی رووداوی کارەوە لەهەولێر، گیانی لەدەست دا

13:47 - 2 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: جۆشكارێكی خەڵكی شاری بۆكان لەكاتی كاركردن و بەهۆی بەربوونەوەی لەبینایەكی شاری هەولێر، پێتەختی هەرێمی كوردستان، كۆتایی بەژیانی هات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بەربوونەوە لە بینایەكی نیوەكارە لەشاری هەولێر مەرگی كرێكارێكی كوردی بەناوی \"كورووش ئارخوون\" كوڕی محەممەدرەسووڵ و خەڵكی یەكێک لەئاواییەكانی شاری بۆكانی لێكەوتەوە.

ئەو كرێكارە كوردە بە هۆی دۆخی نالەباری ژیان و نەبوونی كارێكی شیاو لە كوردستان و ئێران رووی لەهەرێمی كوردستان كردبوو.

\"22278.jpg\"
ئەو رووداوە رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٣١‌ی خەرمانان رووی داوە و تەرمی \"كورووش\" رادەستی بنەماڵەكەی كراوەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە دانیشتووی ئاوایی \" سەرا\"‌ی سەر بە سیمینەی شارستانی بۆكانە.

چالاكانی كرێكاری لەو باوەڕەدان، كە لەهەرێمی كوردستان هیچ یاسایەك بۆ پشتیوانی لە چینی كرێكار بوونی نییە و ئەو مەسەلەیەش دۆخی كرێكاران بەتایبەت كرێكارانی بیناسازی لەگەڵ دژواری و گیروگرفت بەرەوڕوو كردۆتەوە.

زۆربەی ئەو كرێكارە ئێرانیانەی كە لەهەرێمی كوردستان سەرقاڵی كرێكارین لەرێگەی نایاساییەوە كار دەكەن و لە مافەکانی وەک بیمە و خانەنشینی بێبەرین.