كرێكارانی بەنداوی داریان و هیروێ‌ماوەی ١٤ مانگە مووچەیان پێنەدراوە

14:59 - 21 رێبەندان 2713
ئاژانسی كوردپا: دواكەوتنی ١٤ مانگەی مووچەی كرێكارانی بەنداوی داریان لە پاوە و بەنداوی هیروێ‌لە نەوسوود، ناڕەزایەتیی ژمارەیەكی بەرچاو لەكرێكارانی لێكەوتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی شەممە رێكەوتی ١٩‌ی رێبەندان ژمارەیەكی بەرچاو لەكرێكارانی شیركەتی \"سانا\" لە بەنداوی داریان بە هۆی وەرنەگرتنی مووچەی ٨ مانگیان، مانیان گرت.

ئەو كرێكارانە وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین، چوونەتە بەردەم نووسینگەی شیركەتەكە و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە دۆخی ماڵیان بوون.

بە وتەی یەكێک لەكرێكاران، لەمانگی جۆزەردانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا كرێكارانی شیركەتی \"سانا\" لەبەنداوی داریان مووچەیان وەرنەگرتووە.

دەگوترێت كە بەرپرسی شیركەتی سانا وێڕای بێ‌رێزی كردن بەكرێكاران، هەڕەشەی ئەوەی لێكردوون ئەگەر بڵاوی بە خۆپیشاندانەكەیان نەكەنن، بۆ بڵاوە پێكردنیان یارمەتی لە هێزی سپای پاسدارانی شاری پاوە وەردەگرن.

ماوەی چەند مانگ لەمەوبەریش سەرجەم كرێكارانی شیركەتی \"سانا\" لە وزەخانەی برقی بەنداوی \"داریان\" بەهۆی دواكەوتنی ٥ مانگ مووچە، مانیان لەكار كردن گرتبوو، و كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان لە شوێنی كارەكایان پێكهێنابوو.

دروست كردنی بەنداوی داریان لەحاڵێكدایە كە چالاكانی ژینگەپارێز هۆشداری ئەوەیان دابوو، لە ئەگەری وەگەڕكەوتنی پڕۆژەی بەنداوی داریان لەسەدا ٤٤ی زەوی و زار و ژمارەیەک شوێنی گەشتیاری سەر بە ئاوایی هەجیج دەچێتە ژێر ئاوەوە.

لەلایەكی دیكەوە شیركەتی \"حیرا\" لە بەنداوی \"هیروێ\"‌ش زیاتر لە ٦ مانگە مووچەی ١٣٥ كرێكارانی نەداوە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، بڕیار بوو پەیمانکارانی كۆمپانیای \"حیرا\" بە بیانووی نەبوونی بودجە سەرجەم كرێكارەكان لەسەر كار دەربكەن.

بەنداوی ئینحرافی هیروێ‌لەسەر چۆمی سیروان و لە ١٠ كیلومتری شاری نەوسوود هەڵكەوتووە.