رۆژی شەممە لەشاری نەوسوود بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی لاوێکی کورد، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەچێت+ وێنە

20:15 - 17 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لەسەر داوای لاوان، چالاکانی مافی مرۆڤ و فەرهەنگیی شاری نەوسوود، بۆ نارەزایەتی دەربڕین بە کوژرانی لاوێکی کوردی خەڵکی ئەو شارە، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەچێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای کوژرانی لاوێکی نەوسوودی بە دەستی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەروەها بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بەردەوامیی کوژرانی کۆڵبەرانی کورد، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی شاری نەوسوود کراوە بە داخستنی بازاڕ و دووکانەکانی خۆیان، لەبەر دەم بەخشداریی نەوسوود کۆببنەوە و هەتا کۆتایی بە کوشت و بڕی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد بە دەستی هێزە نیزامییەکان، بێنن.

\"16632.jpg\"
ئێحسان پەیام کە لە خاڵی سنووریی شۆشمی و بەشێوەی یاسای بەرەو بازاڕچەی سنووری گەڕاوەتەوە لەلایەن هیزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کوژراوە
ئەو داواکارییە کە لەلایەن لاوان و چالاکانی مافی مرۆڤ و فەرهەنگیی شاری نەوسوودەوە بڵاو کراوەتەوە، داوایان لە کارمەندی ئیدارەکانیش کردووە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەر بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی لاوانی کورد، لەسەر کارەکانیان ئامادە نەبن.

یەکێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ لە شاری نەوسوود بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \" رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی شاری نەوسوود ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری کردن لەو نارەزایەتییەی بەدەرم بەخشداریی شاری نەوسوود دەربڕیوە\".

کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، هێزە چەکدارەکانی پاسگای \"ملاندەر\" لە ناوچەی نەوسوود، ٢ لاوی خەڵکی ئەو ناوچەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا یەکێکیان بەناوی \" ئێحسان پەیام\" تەمەن ٢٢ ساڵە و کوڕی محەممەد دەست بەجێ گیانی لەدەست دا و ئەو کەسەی دیکەشیان بەناوی \"کاوان حەیدەری\" کوڕی قەیسەر، بە توندی بریندار بووە.

کاروان حەیدەری کە لەو رووداوەدا و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا بریندار بووە، لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.
هەنووکە شاری نەوسوود بەهێزێکی زۆری نیزامی میلیتاریزە کراوە.
\"16630.jpg\"