رۆژی جیهانیی كتێب لە ئێران و زەخت و گوشار بۆ سەر وەشانگەكان

21:00 - 30 خاکەلێوه 2712
كوردپا: لە بەرەبەری 3ی بانەمەڕ \"رۆژی جیهانیی كتێب\" و بیست و پێنجەمین خولی پیشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی تاران، لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هۆشداری دراوە بە وەشانگە سەربەخۆكان كە ئیزنی بەشداریی ئەو پیسانگایەیان نیە.

جێگری وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی حكوومەتی ئێران لە لێدوانێكدا ئاشكرای كردووە چاپەمەنی و بڵاگە سەربەخۆكان كە سانسۆریان رەچاو نەكردووە و \"یەكپارچەیی وڵات\"یان خستۆتە مەترسییەوە، نەتەنیا مافی بەشداریی پیشانگای نێودەوڵەتیی تارانیان نیە، بەڵكوو بۆ ماوەی 5 ساڵ لە پیشانگاكانی دیكەی ئێرانیش بێبەش دەكرێن.

بیست و پێنجەمین خولی پیشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی تاران، رێكەوتی 12 هەتا 22 بانەمەڕ لە شاری تاران بە بەشداریی بڵاوگە ئێرانی و بیانییەكان بەڕێوە دەچێت.

بەهەمن دوڕی، لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی \"ئیسنا\" لەمەڕ پرسی هۆشداری بە بڵاوگە و چاپەمەنییەكان نە ئاماژەی بە ناوی بڵاوگەیەكی دیاری كراو كردووە و نە ئەو خاڵانەی كە ناوبراو وەك \"بەها ئەخلاقییەكانی كۆمەڵگا\" وەسفی كردوون كە ئەو پێی وایە لەلایەن چاپەمەنییەكانەوە رەچاو نەكراون.

ئەو وتانەی بەهمەن دوڕی لە كاتێكدا هاتوونەتە گۆڕێ‌ كەلە ئێران هیچ كتێبێك بەبێ‌ مۆڵەت و پێداچوونەوەی هەئیەتی چاوەدێری وەزارەتی ئیرشادی حكوومەت چاپ و بڵاو ناكرێتەوە.

بە وتەی خاوەن بڵاوگە و چاپەمەنییە سەربەخۆكان لە ئێران پرسی سانسۆر و ئەو بەربەستانەی كە رووبەڕووی نووسەر و بڵاوگەكان دەبنەوە، لە سەردەمی سەركۆماریی مەحموود ئەحمەدی نژاددا پەرەی سەندووە و زۆر كتێب و بەرهەم ئێستا لە وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد چاوەڕێی مۆڵەتی بڵاو كردنەوەن.

مەسەلەی سانسۆر و بەربەست لەبەردەم وەشانی كتێب لە ئێران هێندە پەرەسی سەندووە كە ساڵی پار وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد خۆی داوای لە بەشێك لە وەشانگە ناودارەكانی ئێران كردووە كە پێش لە هەناردنی كتێبەكان بۆ ئیرشاد، خۆیان كتێبەكان \"سانسۆر\" بكەن، هەتا رەوتی چاپ كردن خێراتر ببێتەوە.

ماڵپەڕی رادیۆ فەردا لە راپۆرتێكدا لەم بارەوە نووسیویە: لە چەند مانگی رابردوودا لانیكەم چالاكیی دوو چاپەمەنیی بەناوبانگی ئێران لەلایەن وەزارەتی ئیرشادەوە پێشیان پێگیراوە.

بڵاوگەكانی \"چشمە، سالس\" ئەو دوو چاپەمەنیەن كە چالاكییەكان راگیراوە.

داستانی تاڵی كتێب و چاپەمەنییەكان لە ئێران:
پرسی كتێب و كێشە پێوەندیدارەكانی لە ئێران داستانێكی دوور و درێژە و لەمێژە بوونەتە لەمپەر لەبەردەم توێژی نووسەر و چالاكانی بیاڤی چاپەمەنی لە ئێران.

كێشە و بەربەستی باری ماڵی و نرخی كاغەز و چاپەوە بگرە كە هەردەم لەگەڵی بەرەوڕوون، هەتا مەسەلەی سانسۆر، بەربەست و راگیرانی چالاكیی چاپەمەنییەكان كە هەم رۆحی نووسەران دەكوژێت و گیرۆدەی بڵاوگە و سەرمایەدارانی سەربەخۆ و نیوە سەربەخۆی بیاڤی وەشان.

ئەو كێشانە زۆر جار لەوەش زیاتر دەچن و كاروباری كتێب فرۆشییەكانیش دەگرێتەوە و زۆر كتێبخانە بە تاوانی لادان لە یاسا و پێوەرەكانی حكوومەت دادەخرێن.

ئەم زەخت و گوشارانە زیاتر بەرۆكی بڵاوگە سەربەخۆ و ناودارە و بەپێشینەكان دەگریتەوە و وا دێتـە بەرچاو كە وەزارەتی ئیرشاد دەیهەوێت ئەو بڵاوگە وەشانخانانە لە خشتە بەرێت و بەربەستیان بۆ ساز بكات و ئەو گرفتانە هێندە بەربڵاون كە تەنانەت زۆر جار بڵاو كردنەوەی كتێبێك بۆیان نەگونجە.

ئەو بڵاوگە و وەشانگانەی كە زەخت و گوشاریان لەسەرە، یان پیشیان پێگیراوە بریتیتن لە: ماكان، ئوستوورە، چشمە، سالس، نەی، مەركەز، ویستا، ئابی، نگاە.

ئەو وەشانگاگانە زیاتر لە بواری فەلسەفە، ئەدەبیات، سینەما، زانستە كۆمەڵامەتی و سیاسییەكان، بە شێوەی زانستی و بە پڕۆژە كتێبی وەرگێڕدراو و نووسینیان بڵاو كردۆتەوە.

بە وتەی عەلیڕەزا رەئیس دانایی بەپرسی وەشانگەی \"نگاە\" \"ئەو بەربەست و ئاستەنگانەی كە بۆ چاپەمەنییەكان ساز كراون، زنجیرەیین و هەموو چاپەمەنییە سەربەخۆكان، ناوەندەنگانی بڵاو كردنەوە، ئەو كتێب فرۆشییانەی كە بەرهەمەكانی ئەو وەشانگانە بڵاو دەكەنەوە، دەگرێتەوە.

رۆژی جیهانیی كتێب:

\"4232.jpg\"
3ی بانەمەڕ 1373 (22ی ئاوریلی 1995) لەلایەن رێكخراوی زانستی، فەرهەنگی و ئامووزشی (یۆنسكۆ)، یەكگرتووەكان ئەو رۆژە بە ئامانجی بەرەو دان بە فەرهەنگی كتێب خوێندنەوە، چاپی كتێب و رێزدانان لە مافی خاوەندارێتیی مەعنەوی (كۆپی رایت) ناودێر كراوە.

پێوەندیی 3ی بانەمەڕ و رۆژی جیهانی كتێب، بۆ یەكەم جار ساڵی 1923 لەلایەن فرۆشگاكانی كتێبی هەرێمی \"كاتالۆنیا\"ی ئیسپانیاوە، بە مەبەستی رێزلێنان لە\"میگوئێل سروانتس\" نووسەری ناوداری ئیسپانیاییەوە هاتە ئاراوە، كە لەو رۆژەدا كۆچی دوایی كرد.

لە رۆژی جیهانیی کتێبدا لە وڵاتانی جیهان بە شێوازی جۆراوجۆر بەم بۆنەوە رێوڕەسم و بۆنەی تایبەت بەڕێوە دەچێت و رێز لە نووسەر، وەشانگەکان و توێژی کتێب خوێنی کۆمەڵگا دەگیرێت.

لەلایەن یۆنسكۆوە هەر ساڵە یەكێك لە پایتەختی وڵاتان وەك \"پایتەختی جیهانیی كتێب\" ناودێر دەكرێت.