رۆژنامەنووسێکی کورد لە سەقز، بانگهێشتی دادگای ئینقلاب کرا

13:33 - 9 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرنووسەری ماڵپەڕی شارنیوز لە شاری سەقز، بە تۆمەتی \"شێواندنی رای گشتی\" بانگهێشتی دادگای ئینقلابی ئەو شارە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هیوا فوولادی رۆژنامەنووس و سەرنووسەری ماڵپەڕی شارنیوز، ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٩ی رەزبەر لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز دادگایی دەکرێت.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز رایگەیاند؛ هیوا فوولادی بەهۆی بڵاوکردنەوەی چند وتار و راپۆرتێک لە ماڵپەڕی شارنیوز، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە \"شێواندنی رای گشتی\" تۆمەتبار کراوە.

\"22370.jpg\"
هیوا فوولادی بە \"شێواندنی رای گشتی\" تۆمەتبار کراوە
هیوا فوولادی سەرنووسەری ماڵپەڕی شارنیوز وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: کە لەسەر سکاڵای نادر فەخری فەرمانداری شاری سەقز بانگهێشتی دادگا کراوە.

پێشتریش هەواڵنێرێکی ماڵپەری شارنیوز بەهۆی رووماڵ کردنی هەواڵی چالاکیی کەمپەینەکانی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەلکی لێقەوماوی شنگال، کامێراکەی لەلایەن ئیدارەی ئەماکینی شاری سەقزەوە زەوت کرابوو.

بانگهێشتی سەرنووسەری ماڵپەڕی شارنیوز بۆ دادگا و تۆمەتبارکردنی لە کاتێکدایە، خالید تەوەکولی مامۆستای زانکۆ لە شاری سەقز پێشتر لە نووسراوەیەکی کورتدا سەبارەت بە ماڵپەڕی شارنیوز باسی لەوە کردبوو، \"ماڵپەڕی شارنیوز خۆی لە بەرچاوتەنگی و توندڕەوی بە دوور دەگرێت لەگەڵ ئەوەشدا هێڵێکی رەخنەگرانەی گرتۆتەبەر\".

ماڵپەڕی شارنیوز، بەهاری ئەمساڵ و پاش زیاتر لە دوو ساڵ داخران، بە سەرنووسەریی هیوا فوولادی لە شاری سەقز، دەستی بە چالاکی کردەوە.