رۆژنامەنووسێکی سەقزی دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرا

13:10 - 19 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: رۆژنامەنووس و سەرنووسەری ماڵپەڕی شارنیوز لە شاری سەقز، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێکی رەخنەیی لەسەر هێزی ئینتزامی و پۆلیس، دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئەو شارە راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هیوا فوولادی رۆژنامەنووس و سەرنووسەری ماڵپەڕی شارنیوز بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێکی رەخنەیی لەسەر کارکردی پۆلیسی شاری سەقز، دەستبەسەر کرا.

دەگوترێت، کە هێزە ئەمنییەکانی شاری سەقز بە دروست کردنی پەروەندە و تۆمار کردنی سکاڵا لە ماڵپەڕی شارنیوز، کاری گواستنەوەی زانیاری، هەواڵ و رووماڵ کردنی رووداوەکانیان لەو ماڵپەڕەدا بەرەوڕووی ئاستەنگ کردبوویەوە.

\"22573.jpg\"
هیوا فوولادی رۆژنامەنووس و سەرنووسەری ماڵپەڕی شارنیوز دەستبەسەر کرا
سەرنووسەری ماڵپەڕی شارنیوز، حەفتەی رابردووش بەهۆی سکاڵای فەرمانداری شاری سەقزەوە لەمەڕ بڵاوکردنەوەی بابەتی رەخنەیی، بانگهێشتی لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە کرابوو، کە هەتا ئێستا بڕیاری دادگا رانەگەیەندراوە.

دەستەی نووسەرانی ماڵپەڕی شارنیوز داوای ئازادکرانی سەرنووسەری ماڵپەڕەکەیان کردووەو راشیانگەیاندووە، کە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی رای گشتی و کۆمەڵگە، لەسەر ئەو رێچکە رەخنەگرانە بەردەوام دەبن.

رێکەوتی ٦ی رەزبەری ئەمساڵیش لوقمان قەنبەری، رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاو، بەهۆی رەخنەگرتن لە دەوڵەتی حەسەن رۆحانی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرابوو.

دەستبەسەرکردن و بانگهێشتی رۆژنامەنووسانی کورد بەهۆی رەخنەگرتنەوە لە کاتێکدایە، کە حەسەن رۆحانی  لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا رایگەیاندبوو: \"رەخنەگرتن دەتوانێ ببێتە هۆی راستکردنەوی هەڵەی دەوڵەت، رەخنەگرتن ماف و ئەرکی خەڵکە و دەوڵەتی (تدبیر و امید) پێشوازی لە رەخنە دەکات\".