رۆژانە هەزار تۆن مادەی پیس تێكەڵی هەوای ئوستانی كرماشان دەبێت

16:00 - 18 بەفرانبار 2713
ئاژانسی كوردپا: هەوای ئوستانی كرماشان بەتێكەڵ بوونی رۆژانە یەک هەزار تۆن مادەی پیس، گیانی هاووڵاتیانی كورد و ژینگەی كوردستانی خستۆتە مەترسییەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە ئوستانی كرماشان ٢٢٥ هەزار ماشێن لەحاڵی هاتوچۆدان كە نێوەنجی رێژەی سووتەمەنیی ئەو ماشێنانە، دوو لەسەر سێی پیس کردن و تێكدانی هەوای ئوستانی کرماشان پێک دێنن.

بەرپرسی گشتیی پاراستنی ژینگەی كرماشان باسی لە دروست بوونی رۆژانە یەک هەزار تۆن مادەی پیسی وەكوو \"ئۆكسیدی ئەزۆتە، ئۆکسیدی کەربۆن، گووگرد\" و وردیلەكان لە ئوستانەدا كرد.

لەو بارەیەوە هەواڵدەریی ئیسنا لەزاری \"تورج هێمەتی\"‌یەوە بڵاوی كردۆتەوە، ئەمساڵ ٦٥ كەرتی بەرهەمهێنان، کە ماددە پیسكەرەكانی ژینگەیان لێ دەکەوێتەوە، تاقیكارییان لەسەر ئەنجام دراوە و دوای تاقیكارییەكە دەركەوتووە، كە تەنیا ١٦ لەو كەرتانە ستانداردەكانیان لەبەرچاو گرتووە.

ئەو لێپراسرەو حكوومەتییە ئەوەشی خستۆتەڕوو، ژمارەیەک شیركەت و كەرتی پیشەیش بە هۆی پیس كردن و تێكدانی كەش و هەواوە داخراون.

لە ئوستانی كرماشان ٨٠٠ كەرتی پیشەیی چالاکن و لەكۆی ئەو رێژەیە ١٥٠ کەرتیان وەکوو کەرتی پیشەیی و بەرهەمهێنانی گەورە سەیر دەکرێن و ٥٢ دیكەشیان بە شێوەیەكی بەرچاو رۆڵیان لە پیس كردنی ژینگەدا هەیە.

بێجگە لەو كەرتانە، وردیلەكانی تۆز و خۆڵیش رۆڵیان لەتێكدانی ژینگە و هەوای ئوستانی كرماشاندا هەیە و لەو پەیوەندییەدا بەرپرسی ناوەندی هەڵسەنگاندنی رێژەی پیسیی هەوای ئوستانی كرماشان رایگەیاندبوو، لە ماوەی ٩ مانگی ساڵی ١٣٩١دا هەوای شاری كرماشان، لە دۆخێکی ناستانداردا بووە.

ناوەڕاستی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵیش بەهۆی پیشیی لەرادە بەدەری هەوا، مەوادی بینین لە ناو شاری كرماشان گەیشبووە ١٢٠٠ میتر.

شارەزایان و لێكۆڵەران لەو باوەڕەدان پێوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان پیسیی هەوا و شێرپەنجەدا هەیە و رێكخراوی تەندروستی جیهانی و ئاژانسی نێودەوڵەتی لێكۆلینەوە لە شێرپەنجە، شارەكانی سنە و كرماشانیان بە ١٠ شاری پیسی جیهان لەقەڵەم داوە.

ساڵانە زیاتر لە دووهەزار و ٥٠٠ كەس لەوڵاتی ئێران بە هۆی پیسیی هەواوە گیانیان لەدەست دەدەن.