رۆژانە دەیان هێکتار لە ژینگەی کوردستان لەناو دەچن+وێنە

14:09 - 30 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: رووبەرێکی بەرچاو لە لێڕەوار و دارستان و بەشێک لە ئاژەڵە کێوییەکانی کوردستان بەهۆی کەمتەرخەمیی ناوەندە حکوومەتییەکان لەگەڵ زیانی قەرەبوو نەکراوە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٧٢ کاتژمێری رابردوودا، لێڕەوار و لەوەڕگەی دەڕەشار، مەریوان و سەوڵاوا لە ئاگردا سووتاون و کەسانێکی نەناسراویش رووبەرێکی بەرفراوانیان لە دارستانەکانی ناوچەی بانە لە ناو بردووە.

سەر لە ئێوارەی رۆژی هەینی، رێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕ بەشێک لە دارستان و ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەی \"کەبیر کێو\" لە شارستانی دەڕەشار بەهۆی ئاگر کەوتنەوە لە ناوچوون.

بەگوتەی جێگری بەرپرسی ئیدارەی ژینگەپارێزیی ئوستانی ئیلام، ٦ هێکتار لە زەوییە پارێزراوەکانی ناوچەی کەبیر کێو و هەروەها نزیک بە ١٠ هێکتار لە زەوی و سروشتی دەرەوەی ئەو ناوچە پارێزراوە لە \"پشتەی شێخ مەکان\"ی دەڕە شار لە ئاگردا سووتاوە.

غوڵامڕەزا ئەبداڵی وێرای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە \"نەبوونی هێلی‌کۆپتێری ئاگرکوژێنەوە\" رایگەیاندووە؛ لەم ئاگرکەوتنەوەیەدا ژینگەی ئاژەڵیی و دار بەڕووەکان زیانێکی زۆریان بەر کەوتووەو ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر خاکی ناوچەکە داناوە.

لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٢٨ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستاندا هاتوونەتە ئاراوە.

بەپێی راپۆرتی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، نزیک بە ٥٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی دەوروبەری گوندی \"دەرەوەران\" ئاگری تێبەربووەو بەهۆی لێژیی جوگرافیایی ناوچەکەوەو پووش و پەڵاشی لە رادەبەدەر و وشکبوونی زۆربەی دارەکان، ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بە خێرایی تەشنەی ئەستاندووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو ئاگرکەوتنەوەیەی نێوان سنوورەکانی مەریوان و هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئەنجومەنی سەوزی چیا داوای لە هاووڵاتییان کردووە، لە کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکەدا چالاکانە یارمەتیدەریان بن.

رۆژی رابردووش لە دارستانەکانی ئوستانی کوردستان و شارستانی سەوڵاوا، دارستان و لەوەڕگەی دەوروبەری گوندی \"دەل\" ئاگری تێبەر بووە.

زانیارییەکی دروست لەمەڕ رێژەی زیانەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لە بەر دەستدا نییە و بە گوتەی چالاکانی ژینگەپارێزی، ئاگرکەوتنەوەی ئەو ناوچەیە لە ماوەی روژی رابردوودا بەردەوام بووەو کابڵی برقی ئەو گوندەش لە ئاگردا سووتاوە.

سووتان و لە ناوچوونی دارستانەکانی کوردستانات، تەنیا لە و ناوچەیەدا قەتیس نەماوەتەوەو راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن سەدان هێکتار لە دارستان و لێڕەواری شارەکانی بانە و رەبەت لە ناوچوونە.

سەرچاوەکان بڵاویان کردۆتەوە، کەسانی \"نەناسراو\" و \"هەلپەرست\" بە کەڵک وەرگرتن لە رۆژانی پشوو، رووبەرێکی بەرفراوان لە دارەکانی دەوروبەری شاری بانەیان بڕیوەتەوە.

هاوکات لە رۆژی یەکشەممەدا داوێنی کێوی ئاربابای شاری بانە ئاگری تێبەر دراوە و لە ئاگردا سووتاوە.

هەروەها لە ناوچوونی دارستانەکان لە شاری رەبەت، لە ٢٥ی پووشپەڕەوە دەستی پێکردووەو هەتا ئێستاش بەردەوامە و روو لە زیادبوون دەکات.

ئەو رووبەرە زەوییەی کە شارەوانیی سەرقاڵی تێکدانیەتی، زیاتر لە ٧ هێکتار بەراورد کراوە.

پێشتریش لەوەڕگە و دارستانەکانی دەوروبەری شاری رەبەت، بە بیانووی جۆراوجۆر لە ناوچووبوون، کە زۆربەی ناوەندە حکوومەتییەکان و بە تایبەت هێزە نیزامییەکان دەستیان لەو کارەدا هەبوو.
\"21075.jpg\"

\"21077.jpg\"

\"21079.jpg\"

\"21074.jpg\"

\"21068.jpg\"
\"21073.jpg\"

\"21069.jpg\"

\"21070.jpg\"

\"21071.jpg\"

\"21072.jpg\"