رۆستەم جهانگیری: لەسەر داوای هەرێمی کوردستان، پێشمەرگەمان لەبەرەی شەڕ گەڕاندەوە

22:05 - 18 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران، کە بە مەبەستی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ گروپی داعش، لە مێحوەری شاری مەخموور سەربە ئوستانی موسڵ، روویان لە بەرەکانی شەڕ کردبوو، لەسەر داوای وەزارەتی پێشمەرگە لەبەرەی شەڕ گەڕانەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژانی رابردوودا هیزێکی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بۆ پشتیوانیی هیزی پێشمەرگەی کوردستان و بەرنگاربوونەوی گروپی ئیسلامیی داعش بەرەو بەرەکانی شەڕ بەڕێکەوتن و پاش چەند رۆژ مانەوە، بەرەو شوێنەکانی خۆیان گەڕانەوە.

\"21331.jpg\"
رۆستەم جهانگیری: هەر کاتێکی دیکەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لێ بکەن، ئامادەن هێزی پێشمەرگە رەوانەی بەرەکانی شەڕ بکەنەوە
رۆستەم جهانگیری، بەرپرسی ئەو هێزەی حیزبی دێمۆکرات، سەبارەت بە گەڕانەوەیان لە بەرەکانی شەڕ، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رایگەیاند؛ \"ئێمە لەسەر داوای وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان پێشمەرگە و هێزی خۆمان رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد، هەر بۆیەش لەسەر داوای ئەوان لە بەرەی شەڕ گەڕاینەوە.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات گوتیشی؛ \"هێزەکانی ئێمە لەو ماوەیەدا کەلە بەرەکانی شەڕدا بوون، لەژێر فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستاندا بوون\".

دەشڵێت: \"بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد و هەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەی لە هەر شتێکدا بێت، ئێمە پشتیوانیی لێ دەکەین\".

جهانگیری روونیشی کردەوە؛ \"هەر کاتێکی دیکەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لێ بکەن، ئامادەن هێزی پێشمەرگە رەوانەی بەرەکانی شەڕ بکەنەوەو بەرنگاری گروپ و دەوڵەتانی داگیر ببنەوە\".

رۆستەم جهانگیری لە وڵامی پرسیارێکدا، کە دەنگۆی ئەوە هەیە هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکرات بەهۆی فشاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەبەرەکانی شەڕ گەڕابێتنەوە، رایگەیاند؛ \"ئێمە بەهۆی ئەوەی بەڵگە و دیکیۆمێنتێکمان لەبەر دەستدا نییە، ناتوانین ئەو ئیدیعایە تەئید بکەین و تەنیا لەسەر داوای هەرێمی کوردستان هێزمان بەرەو بەرەکانی شەڕ بەڕێ کرد و لەسەر داوای ئەوانیش گەڕاینەوە\".
\"21332.jpg\"

\"21335.jpg\"