رژانی گازاییڵ بۆ ناو چۆمی کەرخە كێشەی ژینگەیی بەدوای خۆیدا هێناوە

14:29 - 21 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: بەشێك لە ئاوی بەنداوی كەرخە لە باشووری ئیلام و لەنزیك شارستانی ئابدانان بە هۆی كونبوون و شكانی بۆڕی گواستنەوەی گازاییل تووشی قەیرانی ژینگە پارێزی بووە و ئەو مادەیە تێكەڵ بە ئاوەكە بووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، حەفتەی رابردوو شكانی هێڵی لوولەی گواستنەوەی گازاییل لەناوچەی \"پۆل زا\"‌ی لورستان كە بەشێكیشی دەكەوێتە باشووری ئیلام، دەیان هەزار لیتر لەو مادەیە رژاوەتە ناو چۆمی كەرخەوە.

پەڵەی گەورە گەورەی ئەو مادەیە رووبەرێكی نزیك بە ١٥٠ هێكتاری لە چۆمی كەرخە لە نزیك بەخشی كەڵاتی مورمووری ئابدانان پیس و ئاڵودە كردووە.

هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی كردۆتەوە، ژمارەیەكی بەرچاو لە باڵندەكان و بەتایبەت ماسی نێو چۆمەكە بە هۆی ئەوە مادە نەوتییەوە لەناو چوون.

لەو رووداوەدا كە بەهۆی بەركەوتنی دەزگایەك لۆدێر بە بۆڕێییەكەوە رووی داوە نزیك بە ٥٠ هەزار لیتر گازاییل رژاوەتە ناو چۆمەكەوە.

دەوترێت بێجگە لە پیس بوونی بەشێك لە ئاوی كەرخە، ئاوی پشتی بەنداوەكەش بە رووبەری ٦٠ كیلۆمیتر ئاڵودە بووە و بەشێك لە مادەیە لەسەر ئاوەكە ئاگری گرتووە.

كارناسان هوشداری ئەوەیان داوە ئاو و خاكی بەشێك لەناوچەكەش پیس بووە و مەترسیی لێدەكرێ‌.

رژانی ئەو مادە نەوتییە لەحاڵێكدایە كە سێ‌ ساڵ لەمەوبەر سەرپەرەستی كەرتی ئەندازیاری كۆمپانیای هێڵی بۆڕی ناوچەی لوڕستان پێشنیاری دروست كردنی بەنداوێكی لەسەر رووباری پۆل زاڵ كردبوو.

چۆمی كەرخە بە سێهەمین چۆماوی دوور و درێژی ئێران لەدوای كاروون و سفید روود دێتە ئەژمار و ئاوی چیاكانی زاگرۆس دەڕژێتە ناو ئەو چۆمەوە.