رووداوی کار گیانی کرێکارێکی سنەیی ستاند

19:00 - 24 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری سنە لەکاتی کار کردن لە پرۆژەی مەسکەنی مێهری ئەو شارە، گیانی لەدەست دا.

رۆژی ٢٢ی مانگی رەزبەری ئەمساڵ کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری سنە بەهۆی بەربوونەو لە نهۆمی پێنجەمی بینایەکی پرۆژەی \"مەسکەنی مێهر\"دا گیانی لەدەست دا.

هەواڵدەریی \"ئیلنا\" شوناسی ئەو کرێکارە کوردەی \"ئیسماعیل. م \" راگەیاندووە کە لەکاتی سیمانکاریی بینای تەعاونیی مەسکەنی هەواڵنێران و هونەرمەندانی شاری سنە گیانی لەدەست داوە.

نەبوونی لەمپەر و هەروەها ئەمنیەت لە شوێنی کارەکەی وەک هۆکاری گیان لەدەست دانی ئەو کرێکارە کوردە راگەیاندراوە.

بەپێی ئاماری فەرمیی ئیدارەی گشتیی پزیشکی دادوەریی ئوستانی کوردستان لەماوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا سەرجەم ٥٢ کرێکار بە هۆی رووداوی کارەوە گیانی لەدەست داوە، ئەمەش لە کاتێک دایە کە ئەم رێژەیە لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا ٢٤ کەس بووە.

نەبوونی ئەمنیەت لە شوێنی کار، کەمتەرخەمیی خاوەنکار لەمەر پاراستنی ئەمنیەتی گیانیی کرێکاران و هەروەها لەبەرچاو نەگرتنی مەرجە ئیمەنییەکان لەلایەن کرێکارانەوە، بە سەرەکی‌ترین هۆکاری گیان لەدەست دانی کرێکاران لەوڵاتی ئێران ئەژمار دەکرێت.