رووداوی کار گیانی دووکرێکاری دیواندەرەیی و بانەیی ستاند

20:10 - 31 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد لە ناوچەی دیواندەرەو لەکاتی کار کردندا و بەهۆی رووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ی خەرمانان هاووڵاتییەک بەناوی \"جەلال دێهقان\" و خەڵکی گوندی \"کێلە کەوو\"ی سەربە شاری دیواندەرە، لە کاتێکدا کە سەرقاڵی بیر هەڵکەندن بوو، بەهۆی داتەپینی بیرەکەوە کەوتۆتە ژێر گڵ و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

دەگوترێت کە ئەو کرێکارە تەمەن ٣٥ ساڵەیە، خێــزاندار و باوکی دوو منداڵیش بووە.

هەروەها سەرلە بەیانی رۆژی رابردوو \"محەممەد حوسێن‌پەنا\" تەمەن ١٨ ساڵە و خەڵکی گوندی \"سیوچ\"ی سەربە شاری بانە کە لە پرۆژەیەکی بیناسازیی نێو شاردا سەرقاڵی جۆشکاری بوو، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراوە لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا ١٣ کرێکاری کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی رووداوی جۆراوجۆرەوە کوژراو و بریندار بوون.