رووداوی کار کرێکارێکی کوردی کردە قوربانی

14:09 - 17 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی ناوچەی کامیاران، لە ئەنجامی کەوتنە نێو چاڵدا پشتی شکاوە و بە یەکجاری لە پێ کەوتووە.

چەند رۆژ پێش ئێستا هاووڵاتییەک بەناوی \"موختار رۆستەمی\" تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی گوندی \"کۆڵە سارە\"ی سەربە شاری کامیاران بە هۆی کەوتنە نێو چاڵ بەتوندی بریندار و تووشی کەمئەندامی بووەو هەنووکە لە ژێــر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

دەگوترێت کە ناوبراو باوکی ٣ منداڵە و بەهۆی نەبوونی بیمە، توانای دابین کردنی تێـچووی دەواو دەرمان و نەخۆشخانەی نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ماڵپەڕی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێــران بڵاوی کردەوە کە پێشتریش برایەکی دیکەی ئەو هاووڵاتییە کوردە کەلە بەنداوی گاوشان سەرقاڵی کار کردن بوو، بە هۆی رووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا کرێکاری ١٠ کورد بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە و هەروەها ٦ کرێکاری دیکەش بریندار و کەمئەندام بوون.

بەهۆی نەبوونی ئەمنیەت لە شوێنی کار و کەمتەرخەمیی خاوەنکار لەمەڕ پاراستنی گیانی کرێکاران، ساڵانە دەیان کرێکاری کورد دەبنە قوربانی، بۆیە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.