رووداوی کار لە شاری پاوە ٣ کرێکاری کردە قوربانی

14:45 - 5 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد بەهۆی رووداوی کارەوە لە شاری پاوە گیانی لەدەست دا و ٢ کرێکاری دیکەش بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٤ی جۆزەردان کرێکارێک بەناوی \"بەختیار شاه‌وەیسی\" کوڕی عەلی و خەڵکی گوندی \"نەیسانە\"ی سەربە شاری پاوە لەکاتی کار کردندا گیانی لەدەست دا.

ئەو کرێکارە کوردە خێزاندار و خاوەنی ٢ منداڵ بووە کە بەهۆیکەمتەرخەمیی خاوەندکار و نەبوونی ئەمنیەت لە شوێنی کارەکەی گیانی لەدەست داوە.

هەر لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا ٢ کرێکاری دیکەی کورد بەتوندی بریندار بوون و بۆچارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری پاوە کراون.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کۆمیتەی هاوئاهەنگی، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ نووسینگەی ئێران خودرەو لە شاری سنە بەبیانووی نابووتی، ٣٧ کرێکاری خۆی لەسەر کار دەرکرد.

لە درێژەی هەواڵەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا ئەو کرێکارانە بەرەوڕووی دەرکران بوونەتەوە، کە هەر کامەیان ٢ هەتا ١٧ ساڵ پێشینەی کار کردنیان لەو نووسینگەیەدا هەبووە.

دەگوترێت سەرجەمی ئەو کرێکارانە رۆژی دواتر لەبەر دەم ئیدارەی کار و تەعاونی شاری سنەدا کۆبوونەتەوە و خوازیاری گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان بوون.