رووداوی کار لە سەقز گیانی وەستاکارێکی ستاند

13:42 - 21 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لەشاری سەقز کە لە پرۆژەیەکی بیناسازیدا وەکوو وەستاکار سەرقاڵی کار کردن بوو، بەهۆی نەبوونی ئیمەنی لە شوێنی کارەکەی، گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی رۆژی رابردوو رێکەوتی ٢٠ی رەشەمە، وەستاکارێکی خەڵكی شاری سەقز کە لە پرۆژەیەکی بیناسازی لە شەهرەکی \"١١ی گوڵان\"ی سەقز سەرقاڵی کارکردن بوو، لە چێوبەست بەربۆتەوە ولە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو بەننایەی محەمەد سادق میری و خەڵکی شاری سەقز راگەیاندووە، کە پاش نێو کاتژمێر لە گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

پزیشکانی نەخۆشخانەی سەقز، هۆکاری مەرگی ئەو وەستاکارەیان زەربە مەغزی \"پژانی مێشک\" راگەیاندووە.

هەتا ئیستا دەیان حاڵەتی هاوشێوە لە پرۆژە بیناسازییەکان هاتوونەتە ئاراوە، بەڵام هەتا ئێستاش بەهۆی کەمتەرخەمیی خاوەنکار لەمەڕ دابین کردنی ئەمنیەتی گیانیی کرێکاران، ساڵانە دیان کرێکار دەبنە قوربانی.

بەپێی ئاماری ناوەندی پزیشکی دادوەریی ئێران، لە ماوەی ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٣ کرێکار لە ئوستانی کوردستاندا بەهۆی رووداوەکانی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.