رووداوی هاتوچۆ لە پیرانشار ٦ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

13:51 - 13 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: رووداوی هاتوچۆ لە سەر پردی \"بادیناوێ\"ی ناوچەی \"پیران\"ی پیرانشار، ٢ کوژراو و ٤ برینداری لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەر لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ماشێنی جۆری سەواری، ٢ کەس بەناوەکانی مەحموود رەشیدی تەمەن ٢٣ ساڵ و سمکۆ شەمسی ئازەر تەمەن ٢٣ ساڵ گیانیان لەدەست دا.

دەگوترێت ئەو رووداوە کە بە هۆی خرابیی ئەو رێگەیەوە هاتۆتە ئاراوە، ٤ کەسیش بە ناوەکانی محەممەد دەروێشی، عەبدوڵڵا شەفەقی، عەلی شەفەقی و مەلا خدر ئەحمەدزادە\" بەتوندی بریندار بوون.

سەرجەمی ئەو هاووڵاتییانە خەڵکی گوندی \"بێکۆس\"ی سەربە ناوچەی \"پیران\"ی سەربە شاری پیرانشار بوون.

هەروەها سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٢ی خەڵوەر لە ئەنجامی وەرگەڕانی ماشێنێکی جۆری مینی‌بووس لە نزیک شاری دێولان، ١١ هاووڵاتیی کورد بریندار بوون.

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی پێکدادنی دوو ماشین لەجاددەی نێوان پاڵنگان بۆ کامیاران ٣ کەس کە یەکیان منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵ بوو، گیانی لەدەست دا و ٥ کەسیش بریندار بوون.

بەپێی ئامارەکان، ساڵانە ٢٠ هەزار کەس بە هۆی رووداوی هاتووچۆوە لە وڵاتی ئێران گیان لەدەست ئەدەن کە بە یەکەمین هۆکاری مردنی هاووڵاتییان لە وڵاتی ئێران لەقەڵەم ئەدرێت.